دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەردی بناخەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
مێوانانی قەدرگران
زۆر زۆر بەخێر بێن، بەیانیتان باش.
ئەمڕۆ بەردی بناخەی پرۆژەیەكی زۆر گرنگ دادەنێین كە سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵوودەبوانی ماددە هۆشبەرەكانە. دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی (LDS) دەكەم بۆ دروستكردنی ئەم سەنتەرە گرنگە و هیوادارم لە ماوەی دیاریكراودا تەواو ببێت و بخرێتە خزمەتی چارەسەركردنی تووشبوان و ئاڵوودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان.
من دەمەوێ زۆر بە تایبەت سوپاسی ڕێكخراوی (LDS) بكەم كە ماوەی 10 ساڵە لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی كار دەكەن و پشتیوان و پاڵپشت بوون بۆ كارە خێرخوازییەكانیان، هیوادارم پاڵپشتیی و دۆستایەتییان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام بێت.
بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، پرسێكی زۆر گرنگە بە لای حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بۆیە بە شێوەیەكی زۆر بەرفراوان و هەمەلایەنە كار لەسەر قەڵاچۆكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم كێشەیە دەكات كە هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر كۆمەڵگەكەمان و زیانی هەمەلایەنەی تەندروستی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەمنی لە هەموو بوارەكانی ژیانمان دەدات و هۆكارێكی سەرەكیی لاوازكردنی گەنج و لاوەكانمان و سەرمایەی مرۆییشمانە، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەك كار بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر تەشەنەكردنی ئەم هەڕەشە گەورەیە دەكەین.
هەر بۆ ئەم مەبەستە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لێژنەیەكی باڵای بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان پێكهێناوە كە ژمارەیەك لە وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان تێیدا بەشدارن. هەروەها سندووقێكیش بۆ پەرەپێدان و شیاندنەوە و چارەسەریی تووشبوان و ئاڵوودەبوانی ماددەی هۆشبەر دروستكراوە و دروستكردنی ئەم سەنتەرەش، بەشێكە لە هەوڵەكانمان بۆ یارمەتیدانی تووشبوان و ئاڵوودەبوان و هاوكاریكردنیان بۆ دووبارە شیاندنەوەیان و گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی. هەروەها ئەم سەنتەرە هەوڵێكە بۆ زیاتر پەرەپێدانی هۆشیاری لەبارەی مەترسی و لێكەوتە و كارەساتی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.
لێرەدا خاڵێكی گرنگ هەیە كە لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان پێویستە باسی بكەین و هەمیشە لەبەرچاوی بگرین، ئەویش ئەوەیە، كە ئێمە لە كاتێكدا پێویستە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی مافیاكان و بازرگانەكانی ماددەی هۆشبەر ببینەوە و سزای توند بدرێن، بەڵام دەبێ جیاوازی بكەین لە نێوان ئەو بازرگانە تاوانبارانە و ئەوانەی بە هەر هۆیەكەوە، بەداخەوە دەبنە قوربانی و ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەكان دەكرێن.
لێرە جێی خۆیەتی من سوپاسی دەزگا پەیوەندیدارەكان، بە تایبەتی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی کوردستان بكەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە ترسناكە، زۆر بەداخەوە ئێستا ئەم دیاردەیە زۆر زیادی كردووە و ئێمە رۆژانە دەبینین كە هەڵمەتی دەستگیركردنی كۆمەڵێك بازرگان بڵاو دەكرێنەوە لە دەزگاكانی راگەیاندن. ڕاستە دەستگیركردنی ئەمانە زۆر جێی دەستخۆشییە، بەڵام لە دڵەوە زۆر نیگەرانین كە دەبینین ئەم دیاردەیە بە شێوەیەك تەشەنەی كردووە كە بووەتە هەواڵی ڕۆژانە.
من داوا لە حكوومەتی فیدڕاڵ دەکەم كە ڕێكاری زۆر زۆر توندتر بگرنە بەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانبارانەی كە بازرگانی بە ژیانی ئینسان دەكەن، بە ژیانی خەڵك دەكەن، وا دەكەن دایك لە بوونی منداڵی خۆی بێبەش بێ، منداڵ لە نازی دایك بێبەش بێت، باوك لە كوڕ دوور بخرێتەوە، هاوسەرەكان لە یەك جیا بكرێنەوە. ئەمە گەورەترین تاوانە كە تاوانبارێك دەتوانێت بەرامبەر بە كۆمەڵگەکەی بكات، بۆیە پێویستە هەموومان لە ڕێگەی پەرلەمان و یاسادانان، لە ڕێگەی توندتركردنی ڕێكارە یاساییەكان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە ترسناكە هەرچی پێویستە بكەین، تاكوو بتوانین كۆمەڵگەی خۆمان لەم دیاردە مەترسیدارە، لەم هەڕەشە مەترسیدارە پاك بكەینەوە. داوام وایە هیچ پاساوێك نەمێنێ، نە پێگەی سیاسی، نە دەسەڵات، نە هێز، هیچ شتێك نەبێتە پاساو بۆ ئەوەی چاوپۆشی لەو بازرگانانە بكرێن كە لە ژێر هەر ناوێك، ئێستا وایانكردووە خەڵكێكی بێتاوان، ببنە قوربانیی یەكەمی ئەم مەترسییە. ئەوەی لەسەر حكوومەتی هەرێمە پێویستە ، دەیکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، لە لایەكی تریشەوە پێویستە هەموو هەوڵێك بدەین لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەكان، ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، وەزارەتی تەندروستی، پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر، تاكوو ئەم جۆرە سەنتەرانە پەرە پێبدەین و ئامادەكاری بكەین بۆ جیاكردنەوەی تاوانباران و بازرگانان لەوانەی كە تووشبوون و بەداخەوە بوونەتە قوربانیی ئەم دیاردەیە، بۆ ئەوەی یارمەتیی قوربانییەكان بدەین بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی ئەم قوربانییانە، بۆ چارەسەركردن و دوورخستنەوەیان لەم هەڕەشە مەترسیدارە، كارێكی وا بكەین كە ئەم خەڵكە جارێكی تر بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان لەنێو كۆمەڵگە.
بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، ئەركێكی نیشتمانی و ئەخلاقیی هاوبەشی هەموو لایەكمانە، پێویستە هەموومان لە خێزانەوە، تا ناوەندی پەروەردەیی، ئەكادیمی، رۆشنبیرەكان، مامۆستایانی ئایینی، دەزگاكانی راگەیاندن، هاوكار و پشتیوانی هەوڵەكانی حكوومەت بن و لە ڕێگەی هەڵمەتی هاوبەش و بەیەكەوە لەسەر ئاستی جۆراوجۆر، كار بۆ پەرەپێدانی هۆشیاریی نێو كۆمەڵگە و بە تایبەتی گەنجەكانمان بكەن و لە مەترسی و كارەساتەكانی ئەم كێشەیە ئاگادار بكرێنەوە. من داوا لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەكەم، ڕێكاری توندتر بگرنە بەر بۆ چاودێریكردنی تەشەنەكردن یا خوانەخواستە بەكارهێنانی ئەم جۆرە مەوادانە لەو شوێنانەی كە پێویستە شوێنی فێركردن و خوێندن و قوتابخانە و زانكۆكان بن.
جارێكی تریش من دەستخۆشی لە هەردوو ڕێكخراوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێكخراوی (LDS) دەكەم بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆژە گرنگە و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن،
زۆر سوپاس.