سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نێچیرڤان بارزانی فەرمانی هەرێمی بۆ دانیشتنی یەكەمی په‌رله‌مانی كوردستان دەرکرد

سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دانیشتنی یەكەمی په‌رله‌مانی كوردستان دەركرد و دانیشتنەكەش لە رۆژی دووشەممە رێكەوتی 2/12/2024 ئەنجام دەدرێت.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند “ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە (417)ی ساڵی 2024ی تایبەت بە گرێدانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد”.

راشیگەیاند “لە فەرمانەکەدا کە پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی (3) لە ماددەی (10)ی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو دەرچووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کاندیدە دەرچووەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ گرێدانی دانیشتنی یەکەمی خولەکە لە کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 2024/12/2”.

دلشاد شهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەمە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەقی فەرمانە هەرێمییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە و سەبارەت بە چەندین تەوەری پەیوەندیدار بە فەرمانەکە و هەنگاوەکانی داهاتوو، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.