لە سلێمانی یەکەمین دیداری گۆڤاری هەردەم بەڕێوەچوو

 

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ـی ١١ـی ٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی یەکەمین دیداری گۆڤاری هەردەم کە تایبەت بوو بە (ئەدەبی منداڵان، هونەری دراما، پۆپۆلیزم، زیرەکیی دەستکرد) بەڕێوەچوو.

کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی ڕامادا، بە ئامادەبوونی ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی شاری سلێمانی یەکەمین دیداری گۆڤاری هەردەم بەڕێوەچوو.

لەو دیدارەدا کە (وتار، دۆکیۆمێنتاری، پانێڵ، میوزیک و گۆرانی، بەخشینی گۆڤار)ی لە خۆگرتبوو، لە دەستپێکدا وتاری دیداری هەردەم لەلایەن خاتوو (ژیان جەلال) سەرنووسەری گۆڤاری هەردەم پێشکەشکرا، دواتر (د. هەڤاڵ ئەبوبەکر) پارێزگاری سلێمانی، لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر بایەخ و بەهای پرۆژە و چالاکییە کولتوورییەکان و گرنگی و تایبەتمەندیی گۆڤاری هەردەم بۆ خزمەتی ڕەوتی کولتووری و ڕۆژنامەگەری.

دواتر (د. سالار عوسمان) بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، پرۆژەی گۆڤاری هەردەمی بۆ میوانان خستەڕوو، ئەرک و ڕۆڵی ئەم پڕۆژەیەی باشتر ناساند، دواتر هیوای خواست کە گۆڤارەکە لە وەرزییەوە بپەڕێتەوە بۆ مانگانە.

دواتر دۆکیۆمێنتارییەک لە بارەی گۆڤاری هەردەم پێشکەشکرا.
هەر لەو دیدارەدا بڕگەی میوزیک و گۆرانی لەلایەن گروپی میوزیکی سنەوبەر پێشکەشکرا.

دواتر پانێڵێک بەڕێوەچوو بە نێونیشانی (کولتوور، لەنێوان دەرفەت و ئاڵنگاری).
هەریەک لە (محەمەد ئەمین) لە بارەی ئەدەبی منداڵان و ڕۆڵی لە بونیاتنانی ناسنامەی کولتووری.

(یاسین قادر بەرزنجی) لە بارەی هونەری دراما، وەک هێزی نەرم و ڕایەڵەی ناساندن و پێکەوەگرێدانی کولتوورەکان.

هەروەها (خالید مەجید فەرەج) لە بارەی پۆپۆلیزم، ئایدۆلۆجیا و ستایلێکی نەرێنیی کولتووری پێشکەشکرا، لەلایەن (ئاشنا ڕەئووف) پانێڵەکە بەڕێوەبرا.