سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وادەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند

سێشەممە، 26-11-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛  ڕۆژی دووشەممە، 02-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت.

دڵشاد شەهاب ڕوونیشی کردەوە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان و وەکو خۆی گوتی، لایەنەکان پەڕۆشی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکیان داوە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن؛ نیشان داوە.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پەسەند کرا و ڕۆژی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانیش دیاری کرا، چاوەڕێ دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوو دانوستانی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەست پێ بکەن.

دڵشاد شەهاب ڕەتیشی کردەوە، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکەن تاوەکوو کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک بهێنن.