له‌ شاری دهۆك 114 شه‌قامی نوێ ڕۆدەنرێن

 

چواس خالید – هەولێر

جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ ئاكرێ جێبه‌جێ ده‌كرێت و سه‌د و چوارده‌ شه‌قامیش له‌ شاری دهۆك قیرتاو و كۆنكرێت ده‌كرێن.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی و ئێستا، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری شاری ئاكرێ له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردندان.
به‌پێی بڵاوكراوه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌ڕێمی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئاكرێ، له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ئاكرێ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی دروستكردنی شه‌قام و ئاوه‌ڕۆ له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردندان.
پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ چه‌ند گه‌ڕه‌ك و شوێنێكی شاری ئاكرێ و پێكهاتوون له‌ دروستكردنی شه‌قام و دانانی ئاوه‌ڕۆ.
ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌ شاری ئاكرێ جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌سه‌ر بودجه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌سه‌ر په‌رشتی تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ئاكرێ به‌ كوالێتی به‌رز ته‌واو ده‌كرێن و ده‌خرێنه‌ خزمه‌ت هاووڵاتییانه‌وه‌.
جیا له‌وه‌ و هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئێستا له‌ شاری دهۆك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی سه‌د و چوارده‌ شه‌قام له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی دهۆك گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغی كۆتایی.
جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ی له‌ شاری دهۆك و له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی هژه‌به‌ر و به‌روشكێ و سه‌رهه‌ڵدان و كانی مه‌مه‌دكێ، له‌گه‌ڵ گه‌لی جێبه‌جێ ده‌كرێت، پێك دێت له‌، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و دروستكردن و كۆنكرێتكردن و قیرتاوكردنی سه‌د و چوارده‌ شه‌قام به‌ درێژایی دوازده‌ كیلۆمه‌تر.
ئێستا به‌ ڕشتی كار له‌ ته‌واوكردنی ئه‌و شه‌قامانه‌ ده‌كرێت، كه‌ ڕێژه‌ی كاركردن تێیاندا زیادتر له‌ ٥٣%ه‌ و بڕیاره‌ به‌ر له‌ واده‌ی خۆی زووتر و به‌ كوالێتی به‌رزه‌وه‌ بخرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی شاری دهۆك.
گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دابینكراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی دهۆك جێبه‌جێ ده‌كرێت.
هاوكات له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ كفری جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی دووسایدی گه‌ڕه‌كی شۆڕش له‌ قه‌زای كفری كه‌وتۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ كه‌ پێنج سه‌د و چوار ملیۆن و هه‌شت سه‌د و حه‌فتا هه‌زار دیناری عێراقییه‌، هاوكات سایدی لای كارگه‌ی ڕستنوچنین له‌ خۆده‌گرێت و به‌سرپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی گه‌رمیان و سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی كفری جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، به‌ بیانووی جۆراوجۆر به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌ناردووه‌ و به‌ ئه‌سته‌م مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش ده‌نێرێت، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی.