لە بیست و سێیەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆوە؛ پەسەند نییە بۆ مەرام و بەرژەوەندیی حزبی ئاستەنگ بۆ پێکهێنانی حکوومەت دروستبکرێت

دوێنێ ، لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بیست و سێیەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی “ئەگەرەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی دەیەم و ئاییندەی هەرێمی كوردستان” بەڕێوە چوو.

لەم گفتوگۆیەدا كە بەڕێزان “دیندار نەجمان دۆسكی، عارف ڕوشدی، غەفور مەخمووری –بەسكایپ-، د.مەیادە نەجار، ئازاد كورەچی ، زیرەك كەمال، د.یوسف سماقوڵی، د.سەربەست نەبی و، ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەممەد” ئامادەبوون.
سەرەتا ڕاپۆرتی مەیدانی بازنەی گفتوگۆ لەسەر سكرین بۆ ئامادەبووان نمایش کرا كە تیایدا ڕاوبۆچوونی ژمارەیەك لە ئەكادیمیست و شرۆڤەكار و چاودێری سیاسیی سەبارەت بە ئەگەر و سیناریۆ جیاوازەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم لەسەرجەم پارێزگاكانی كوردستان وەرگیرابوو، پاشان ئامادەبووان گفتوگۆیەكی ڕاشکاوانە و جددیان لەسەر وردەكارییەكانی ئەگەر و سیناریۆكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی دەیەم باس کرد.
خاڵی هاوبەشی نێوان بۆچوونە جیاوازەكان، ئەوەبوو كە هەرگیز ئەوە پەسەند نییە كە لایەنە سیاسییەكان هەتا ئێستا لە چوارچێوەی “تای هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن” گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەم بكەن، یان بۆ مەرام و بەرژەوەندی حزبی خۆیان ئاستەنگ بۆ پێكهێنانی حكوومەت دروست بكەن، لەمەش زیاتر جەخت لەوە كرایەوە بەوەی گرنگە حزبە سیاسییەكان لەسەر گوتارێكی نیشتمانی هاوبەش ڕێکبکەون و بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەم بكەن، كە پڕۆسەی ئەمجارەی دووبارە پێكهێنانەوەی “پەرلەمان و حكوومەت” هاوشێوەی ساڵی 1992، دەبێت بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان لەسەرووی بەرژەوەندییە حزبیەكانەوە سەیربكرێت.
لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكە جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە، كە ناكرێت حزبە سیاسیەكان ئاكامەكانی هەڵبژاردن فەرامۆش بكەن و لە ئاست و قەوارەی خۆیان زیاتر داواكاری و پێداگیریان هەبێت و، ئەگەر ڕێز لە ئاكامەكانی هەڵبژاردن نەگیرێت ئەوا هیچ مانایەك بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئیرادەی خەڵكی كوردستان نامێنێتەوە.