سەرۆکی حکوومەت: نابێت هیچ شتێک ببێتە پاساو بۆ چاوپۆشیی لە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و دەبێت بە توندترین شێوە ڕووبەڕوویان ببینەوە

سێشەممە، 26-11-2024،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر، لە گوتارێکدا داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کرد “ڕێکاری زۆر زۆر توندتر بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە ژیانی مرۆڤ دەکەن و وا دەکەن دایک لە منداڵی خۆی بێبەش بێت، منداڵ لە نازی دایک بێبەش بێت؛ باوک لە کوڕ دوور بخرێتەوە، هاوسەرەکان لە یەک جیابکرێنەوە، ئەمە گەورەترین تاوانە، تاوانبارێک دەتوانێت بەرانبەر بە کۆمەڵگە بیکات.”

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت “هەموومان لە ڕێگەی پەرلەمان، لە ڕێگەی یاسادانان لە ڕێگەی توندترکردنی ڕێکارە یاساییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە ترسناکە، هەرچی پێویستە بکەین، تاوەکوو ئێمە بتوانین کۆمەڵگەکەمان لەم دیاردە مەترسییە، لەو هەڕەشە مەترسیدارە پاک بکەینەوە.”

مەسرور بارزانی داواش دەکات “هیچ پاساوێک نەمێنێت، نە پێگەی سیاسی، نە دەسەڵات، نە هێز، نەبێتە پاساو بۆ ئەوەی چاوپۆشیی لە بازرگانانی ماددەی  هۆشبەر بکرێت.”