سێشەممە، 26-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند “دروستکردنی ئەم سەنتەرە، بەشێکە لە هەوڵەکانمان بۆ یارمەتیدانی تووشبووان و ئالوودەبووان و هاوکاریکردنیان بۆ دووبارە شیاندنەوەیان و گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی. هەروەها ئەم سەنتەرە هەوڵێکە بۆ زیاتر هۆشیاریی لەبارەی مەترسی و لێکەوتە و کارەساتی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.”
سەرۆک وەزیران جەختیشی کردەوە “ئێمە لە کاتێکدا پێویستە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی مافیاکان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەکان ببینەوە و سزای توند بدرێن، بەڵام دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان ئەو بازرگانە تاوانبارانە و ئەوانەی بە هەر هۆیەکەوە بەداخەوە، دەبنە قوربانی و ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان دەکرێن.”
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ڕووبەڕبوونەوەی “ئەم دیاردە ترسناکە و زۆر بە داخەوە ئەم دیارە ئێستە زۆر زیادی کردووە و ڕۆژانە دەبینین کە هەڵمەتی دەستگیرکردنی کۆمەڵێک بازرگان بڵاو دەکرێنەوە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن. ڕاستە دەستگیرکردنی ئەمانە جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام لە دڵەوە زۆر نیگەرانین کە دەبینین دیاردەکە بە شێوەیەک تەشەنەی کردووە کە بووەتە هەواڵی ڕۆژانە.”