19 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی هەولێر یادکرایەوە و وێب تیڤی هەولێر دامەزرا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ـی ١١ـی ٢٠٢٤، یادی 19 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی هەولێر، یەکێک لە دیارترین ڕۆژنامە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوە چوو. مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی بەش ئەنجام درا.

لە بەشێکی مەراسیمەکەدا، ستۆدیۆی نوێی وێب تیڤی هەولێر کرایەوە کە بە هەنگاوێکی گرنگ لە بواری ڕاگەیاندنی دیجیتاڵی دادەنرێت. ئەم پڕۆژە نوێیە بەشێکە لە هەوڵەکانی ڕۆژنامەکە بۆ هەنگاونان بەرەو ڕاگەیاندنی مۆدێرن و دیجیتاڵی.

لە مەراسیمەکەدا د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، جەختی لەسەر گرنگی ڕۆڵی ڕۆژنامەی هەولێر لە گەیاندنی زانیاری و هەواڵی ڕاست و دروست بە خوێنەران کردەوە. هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامی پشتگیری بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بۆ ڕۆژنامەکە کرد و هیوای خواست کە وێب تیڤی هەولێر ببێتە پردێکی دیکەی پەیوەندی لەگەڵ بینەران.

شایەنی باسە ڕۆژنامەی هەولێر لە ماوەی 19 ساڵی ڕابردوودا، توانیویەتی جێگەی خۆی لە میدیای کوردیدا بکاتەوە و ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ هەواڵ و زانیاری. کردنەوەی وێب تیڤی هەولێریش، هەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی کاری ڕاگەیاندن و گونجاندنی لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی سەردەم.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، د. سالار عوسمان پیرۆزبایی لە ستافی ڕۆژنامەکە و وێب تیڤی کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن لە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندندا.