بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکی حکوومەت تەرمی هونەرمەند زایەر عەبدوڵا سپاردەی خاک کرا

دوێنی بە ئامادەبوونی د.پشتیوان سادق و ئومێد خۆشناو، نوێنەرانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و هونەرمەندان و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و هاوڕێیان و دۆست و کەس و کار و خانەوادەکەی، لە گۆڕستانی کەسنەزان لە شاری هەولێر، تەرمی هونەرمەند و ئەکتەری ناسراو و دیاری شاری هەولێر و کوردستانی بواری سینەما و دراما و شانۆی کوردی “زایەر عەبدوڵڵا” بەخاکسپێردرا.

دوای ئەوەی ئەمساڵ زانرا دووچاری نەخۆشی شێرپەنجەبووە، پارێزگاری هەولێر، بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سەردانی هونەرمەندی کرد و لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە 2024.6.27 ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کرا، بەڵام لەم ماوەیەدا دووبارە بەهۆی نەخۆشیەکەیەوە دۆخی تەندروسیی ناوبراو تێکچووە و کەوتە دۆخێکی خراپی تەندروستی و دوێنێش شەممە 2024.11.23، بەداخەوە بەهۆی سەختی نەخۆشییەکەیەوە، لە تەمەنی 66 ساڵیدا ماڵئاوایی یەکجاریی لە هەولێر و هونەر و ئازیزانی كرد.
جێگەی باسە، زایەرعەبدوڵڵا، ناوێكی دیاری هونەری و هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر بوو و خزمەتێکی زۆری هونەری شانۆ و سینەمای کوردی کردووە و کەسایەتییەکی هونەریی دیاری شاری هەولێر و کوردستان بوو، لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایک بووە و لە ساڵی 1972 بۆ یەکەمجار بەشداریی شانۆگەرییەکی کردووە بەناوی “ئەنجامی پووڵپەرستی.” دواتر بەشداریی دەیان شانۆگەری، دراما و فیلمی سینەمایی کردووە، ساڵی 2019 کتێبێکی بیرەوەریی بڵاوکردەوە بەناوی “تەیراوە هەربە پیاسە” کە تیایدا باسی سەردەمی منداڵی خۆی دەکات تا رۆژی راپەڕینی ساڵی 1991 و لەم کتێبەدا هەوڵی داوە واقیعی ژیانی خۆی بنووسێتەوە.