فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا: کێشەی دارایی نیوان کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ چارە کراوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

 

بڕیارە سبەی سێشەممە پەرلەمانی عيراق بۆ یەکەم جار بە سەرۆکایەتیی مە‌حموود مەشهەدانی سەرۆکی نوێی پەرلەمان کۆببيتەوە و تاوتوێی چەند بابەتيکی گرنگ بکات. فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر باسی لەوە کرد کە هەرچەندە هێشتا بە فەرمی ئەجیندای کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیاری نەکراوە بەڵام بابەتی هەمواری یاسای بودجە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان دەبێت.

فارس عیسا، ڕوونی کردەوە کە پرسی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پرسێکی هەڵواسراو بووە لە نێوان کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان و حکوومەتی عێراق و بە خۆشییەوە ئەو کێشەیە لە نێوانیاندا چارەسەر کراوە و ماوەتەوە لە یاسای بودجەیشدا جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی بە فەرمی هەناردەکردنی نەوتی هەريیمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
ئەو پێی وایە یەکێک لەو کێشانەی ڕێگر بوو لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پرسی خەرجییەکانی دەرهێنانی نەوت بووە کە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان کۆمپانیاکان و حکوومەتی عێراق بە شازدە دۆلار دەستنیشان کراوە کە پێشتر ئەو خەرجییە زۆر کەمتر بوو و کۆمپانیاکان ئامادە نەبوون بەو بڕە پارە کەمەی بۆ خەرجی دەرهێنان بە پێی یاسای بودجە دیاری کرابوو، لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بەردەوام بن.
پێویستە بگوترێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بیست و پينجی ئاداری ساڵی ٢٠٢٣ەوە وەستاوە و ئەمەش دوای دەرچوونی ‌حوکمی دادگای فەڕەنسا کە لە قازانجی عێراق و بە زیانی تورکیا بڕیارەکەی دەرکرد و بە پيی بڕیارەکە تورکیا بۆی نییە لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە بە بێ پرسی عێراق، هیچ بڕە نەوتێک هەناردە بکات.
ئەو بڕیارە بووە هۆی ئەوەی تورکیا کۆتایی بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێنێت کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەرێمی کوردستان بە ناچاری دەستی پێ کردبوو بە تایبەتی دوای ئەوەی بەغدا یەکلایەنە بودجەی کوردستانی بڕی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بوو بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە نەوت بفرۆشيت.
دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فەڕەنسا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی ڕێککەوتنێکی نوێیان کرد کە بەشێک لەو ڕێککەوتنە لە یاسای بودجەیشدا ڕەنگی دایەوە هەر چەندە تەواوی بڕگەکانی یاساکە بە تایبەتی پرسی خەرجیییەکانی دەرهێنانی نەوت بە دڵی هەرێمی کوردستان نەبوو کە خۆی بەگوێرەی گرێبەستێکی جیا بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکاندا کاری دەکرد.
جۆری گرێبەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت جیاوازە لە جۆری گرێبەستی سۆمۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان، هی هەرێمی کوردستان لە جۆری هاوبەش و هی عێراق لە جۆری خزمەتگوزارین و ناکرێ لە خەرجییەکانی بەرهەمهينانی ڕەچاوی ئەو تایبەتمەندییە نەکرێت. ئەگەر یاسای بودجە بە بێ هەموار جێبەجێ بکرێ ئەوا کۆمپانیاکانی کوردستان زەرەرمەندی سەرەکی دەبوون کە بە خۆشییەوە چارەسەر کراوە.
لەم دواییانەدا بە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێککەوتوون تا بە دابینکرانی ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەرجییەکانی بەرهەمهێنان، درێژە بە هەناردەکردنی نەوت بدەنەوە. بەربەستەکە زیاتر یاسایی بوو کە چاوەڕوان دەکرێ لە دوای هەمواری یاسای بودجە نەمێنيت.
فارسی عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا باسی لەوە کردووە کە ڕێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە و ماوەتەوە یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە کە یەکێک لە بڕگەکانی خەرجییەکانی دەرهێنانی نەوتە.
لەبارەی دۆخی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دوانەکەوتنی مووچە ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی دا کە پرسی مووچە بە هیچ شێوەیەک پێوەست نییە بە پرسی هەناردەی نەوت و بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ئەوا ئەرکی حکوومەتی عێراقە هاوشێوەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی عێراق مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکات.
پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت کۆتایی بەو زیانانە دێنيت کە بەر عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووە و لە داهاتوودا کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی پارە بۆ پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخان بکرێت.
زیانەکانی ڕێگریکردن لە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی بیست ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و ئەگەر ئەو بەربەستە بۆ هەناردەکردنی نەوت دروست نەکرابا ئەوا دەکرا ئەو پارە زۆرە بۆ ژێرخانی ئاوەدانکردنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت و داهاتی نەپاڵاتووی ناوخۆیی پێ بەرز بکرێتەوە.