جێگر شێرزاد، سەرۆکی شارەوانی پیران: ئەمساڵ بە گوژمەی یەک ملیار دینار چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناحیەکە جێبەجێ کراون

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

لە ناحیەی پیران بە گوژمەی یەک ملیار دینار کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون. سەرۆکی شارەوانی سنوورەکەش، دەڵێت: پڕۆژەکان جۆراوجۆرن، قیڕتاوکردنی ڕێگەوبانی کۆڵانەکان و جۆگەی ئاودێری و دیواری پاڵپشت لە خۆ دەگرێت، ڕەزامەندی جێبەجێکردنی دوو پڕۆژەی دیکەشمان وەرگرتووە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە خزمەت ھاووڵاتییانی سنوورەکە.

جێگر شێرزاد، سەرۆکی شارەوانی پیران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە چوارچێوەی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی پیران جێبەجێ کراون، وەکو دروستکردنی دیواری پاڵپشت و ڕاگر، دروستکردنی جۆگەی ئاودێری و تێکەڵەڕێژکردنی چەند کۆڵانێک گوژمەی ئەو پڕۆژانەش ملیارێک دینار بووە.
سەرۆکی شارەوانی پیران، دەشڵێ: یەکێک لەو پڕۆژانەی کە ھەفتەی ڕابردوو تەواو بوو و کەوتە خزمەت ھاووڵاتییان قیڕتاوکردنی دوو گەڕەک و ١٠ کۆڵان بە درێژای دوو کیلۆمەتر بوو، گوژمەی پڕۆژەکەش ٣٦٠ ملیۆن دینار بوو، ماوەی پڕۆژەکە ١٠٠ ڕۆژ بوو، خۆشبەختانە کۆمپانیای جێبەجێکار توانی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا و زووتر پڕۆژەکە تەواو بکات.
سەرۆکی شارەوانی پیران، ئاشکراشی کرد: ڕەزامەندی دوو پڕۆژەی دیکەمان وەرگرتووە گوژمەی ئەو دوو پڕۆژەیەش ٥٠٠ ملیۆن دینارە، قیڕتاوکردنی چەند کۆڵانێک بە درێژای دوو کیلۆمەتر و نیو لە خۆ دەگرێت.
جێگر شێرزاد، سەرۆکی شارەوانی پیران، زیاتر گوتی: حکوومەتی ھەرێم دەستی ئاوەدانی گەیاندووەتە ھەموو شوێنەکان، ئەو پڕۆژانەی لە سنوورەکە جێبەجێ کراون کەوتوونەتە خزمەت ھاووڵاتییانی سنوورەکە ئەوەش بۆتە جێگە خۆشحاڵی ھاووڵاتییان و سوپاسی کابینەی نۆیەم دەکەن بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ھەموو پڕۆژەیە.