کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک: وەزارەتی پەروەردەی عێراق بایەخ بە خوێندنی کوردی نادات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

 

کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد، ١٠٠ ھەزار قوتابی لە کەرکووک لە ٥٥٠ قوتابخانەدا خوێندنی کوردی دەخوێنن. دەشڵێ: وەزارەتی پەروەردەی عێراق بایەخ بە خوێندنی کوردی نادات، لە بەرامبەردا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی سەرۆکوەزیران زۆر ھاوکاریی خوێندنی کوردییە و ئەوەی پێویست بێت و داوا بکەین بۆ ئێمە دابین دەکات.

١٤١٣٢٢ قوتابی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە ٧٣٨ قوتابخانە لەژێر سەرپەرشتیی ١٥٩٤٣ مامۆستا و فەرمانبەر لە خوێندنی کوردی دەخوێنن کە نزیکەی ١٠٠ ھەزاریان لە ٥٥٠ قوتابخانەی خوێندنی کوردی کەرکووکن.
لە کەرکووک، شنگال، خانەقین، مەخموور و چەند ناوچەیەکی دیکەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دوو بۆ سێ جۆر خوێندن ھەن، لەنێویاندا خوێندنی کوردی کە سەر بە پەروەردەکانی ھەرێمی کوردستانە و ھەموو شایستە و پڕۆگرامەکانیان لە ھەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.

*ڕەوشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک چۆنە؟
– ڕەوشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک زۆر باشە، هەرچەندە بێ کیسە و کەموکوڕی نییە، بەڵام بە پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێم و مامۆستا دڵسۆزەکان توانیومانە ئیش و کارەکان زۆر بە باشی ڕابپەڕێنین و زۆربەی ئەو کێشانەی کە ھەن چارە بکەین، ئەگەر خوێندنی کوردی لەگەڵ خوێندنەکانی دیکە لە کەرکووک بەراورد بکەین، خوێندنی کورد لە ھەموویان باشترە، نسبەی نەجاح یەکەمە نەک تەنیا لەسەر ئاستی کەرکووک، بەڵکو بگرە لەسەر ئاستی ھەموو عێراق.

* کێشەکان چین؟
– ڕۆژانە توشی کۆمەڵێک کێشە لەگەڵ پەروەردەی بەغدا دەبین، بەڵام ئەوەی زۆر بۆ خوێندنی کوردی بۆتە کێشە کەمی باڵەخانەیە، ٢٥ قوتابخانە سێ دەوامی دەوام دەکەن، زیاتر لە سەد قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە، بۆ ئەوەش پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانمان پێویستە.

*حکوومەتی عێراق بۆچی بایەخ بە خوێندنی کوردی نادات؟
– وەزارەتی پەروەردەی عێراق بایەخ بە خوێندنی کوردی نادات، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە خوێندنی کوردی لەلایەن بەغداوە گرنگی پێ نادرێت، پارێزگار کە پێشتر عەرەب بوو ھیچ گرنگی بە خوێندنی کوردی نەداوە و بەتەواوەتی پشتگوێ خستبوو.
*حکوومەتی ھەرێم تا چەند پشتگیری لە داواکاریەکانی ئێوە دەکات؟

– حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی سەرۆکوەزیرانی کوردستان زۆر ھاوکاریی خوێندنی کوردییە و ئەوەی پێویست بووە بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکووک دابینی کردووە، ھەر شتێک بۆ کەرتی پەروەردە لە دھۆک و سلێمانی کردبێت بۆ ئێمەشی کردووە.

* چەند قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرتان ھەن؟
– سەد ھەزار قوتابی و ٥٥٠ قوتابخانە و نزیکەی نۆ ھەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە سنووری پەروەردەی خوێندنی کوردی ھەن.

* بۆ مامۆستایانی وانەبێژ چی کراوە ؟ کراون بە گرێبەست؟
– لە چوارچێوەی بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ، ١١٠٠ مامۆستای وانەبێژی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بوونەتە گرێبەست، ئەو بڕیارە تا ڕادەیەکی باش کێشەی کەمی میلاکی بۆ ئێمە چارە کرد.

*پلان و بەرنامەتان چییە بۆ ئەوەی ڕەوشی خوێندنی کوردی لەوەی ھەیە باشتر بێت؟
– نزیکەی نۆ مانگ دەبێت بوومەتە بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی، گۆڕانکاریەکی باش لە پەروەردە کراوە، لە ھەموو سێکتەرەکانی پەروەردە دەستمان بە گۆڕانکاری کردووە، پەیوەندیمان لەگەڵ پەروەردەی بەغدا باشتر کردووە، زۆربەی مامۆستاکان خولیان بۆ کراوەتەوە، ئەنجامی قوتابییان باشتر بووە، لە ھەمان کاتدا شەو و ڕۆژ لەناو قوتابخانەکاندامە و ئەوەی پێویست بێت دەکەم، لە ھەمان کاتدا بەردەوام سەردانی ھەولێر و بەغدا دەکەم بۆ ئەوەی ڕەوشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک باشتر بێت، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم زۆر یارمەتی ئێمەی داوە ھەر شتێک داوا بکەین بۆ ئێمە دابین دەکات.