بەیاننامەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، تایبەت بە هەڵمەتی نیشتیمانی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان

توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و جیهانییه‌، دەرخەری‌ مامه‌ڵه‌ی نادروستی تاكه‌كانی خێزان و كۆمه‌ڵگەی و گرووپە جیاوازەکانە به‌رامبه‌ر بە ئافرەتان.
توندوتیژی ڕەنگدانەوەیه‌كی قووڵی له‌سه‌ر ژیانی تاک و کۆمەڵگە بەگشتی هه‌یه‌ بەتایبەت توندوتیژی خێزانی، ئه‌م جۆره‌ توندوتیژییه‌ هۆكاری نایەکسانی ‌نێوان هەردوو رەگەزە لە رۆڵ و ئەرک و مافدا کە ده‌بێته‌هۆی پێشێلکاریی له‌به‌رامبه‌ر مافەکانی مرۆڤ به‌تایبه‌ت ئافره‌تان.
له‌ژێر رۆشنایی ئه‌م تێروانینه‌ بۆ ڕه‌وشی خێزان‌، ئێمە وەک یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان بۆ ئه‌مساڵ بۆ ھەڵمەتی شانزە رۆژەی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، دیدی رێكخراوه‌كه‌مان جه‌ختكردنه‌ له‌سه‌ر دروشمی ‘یەکدەگرین و خێزان دەپارێزین” به‌و مانایه‌ی هه‌ردوو ره‌گه‌ز بەرپرسیار و به‌شدار و هاوبه‌شن له‌پێكهێنان بنیادنان و پته‌وكردنی خێزان و کۆمەڵگە، مافی خاوه‌ندارێتی و بەرپرسیارێتی بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌ به‌بێ جیاوازی.
ئەم بۆنە بە دەرفەت دەزانین جەخت بکەینەوە لەگرنگی
ئاشتی لە نێو خێزان و تاکەکانی ناو کۆمەڵگە، ئێستا پرسی توندوتیژی گشتگیرتر کاری لەسەر دەکرێت و لە چوارچێوەی خێزان چڕ کراوەتەوە بەو ئامانجەی ڕێگە لە توندوتیژی خێزانی بگیرێت بە مەبەستی ڕێگریکردنی توندوتیژی و تەشەنەنەکردنی

لەناو کۆمەڵگە و دوورکەوتنەوە لە ستەم و خۆسەپاندن، واتە نایەکسانی و نادادپەروەری و هەموو تاکڕەویی و توندوتیژی و دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرتاکێکی خێزان ڕەتبکرێتەوە، خێزانەکان دووربن لە جۆرە جیاوازەکانی زەبروزەنگ و توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و سیمبوڵی. هاوکات چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە، دواجار ئەگەر شیرازەی خێزان پارێزراو و سەلامەت بێت بێگومان ئافرەتانیش دووردەبن لە توندوتیژی و چەوساندنەوە.
هاوکات لەم ڕۆژەدا ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین کە پلانی نیشتمانیی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌لایه‌ن حكومه‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ چۆتە قۆناغێكی پێشكه‌وتوو، ده‌کرێت بڵێین حكومه‌تی هه‌رێم رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌ چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی پاراستنی مافی ئافره‌تان، ئێستا ئافره‌ت به‌شدار و كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی بنیادنان و گەشەپێدانی تاک و خێزان و کۆمەڵگە و ژێرخانی کۆمەڵایەتییە. گرنگیدان به‌ توانا مرۆییه‌كانی ئافره‌تان وایكردووه‌ كه‌ تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگه‌ و خێزان به‌گشتی بۆ ئافره‌ت له‌ئاستێكی باشتردا بێت ئەمەش ئاکامی هەوڵەکانی حکومەتی هه‌رێمی كوردستانه‌.

لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو ئافرەتانە دادەنەوێنین کە بوونە قوربانی کلتوری توندوتیژی و نادادپەروەری کۆمەڵگە.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤