گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە داهاتوویەكی نزیكدا سەرۆكی هەرێم فەرمان بۆ بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەردەكات.

دلشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە 2024/11/24، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە نووسراوی فەرمی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاگادارکردەوە.

سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، دلشاد شەهاب گوتی: بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە داهاتوویەکی نزیکدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمان بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دەردەکات.

مانگی رابردوو كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی بەسەركەوتووی ئەنجام دا و تێیدا رێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتییان زیاتر لە 72% بوو.

دوای چەند رۆژێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە بە بەدەستهێنانی 809.197 دەنگ كە دەكاتە 39 كورسی پەرلەمان.

دوای پێشكەشكردنی تانە و سكاڵاكان لەلایەن لایەنە سیاسییەكان، ئەمڕۆ یەكشەممە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرجەم تانە و سكاڵاكانی رەتكردەوە و بەفەرمی ئەنجامەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی پەسند كرد.

وێنە: دەقی نووسراوی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ پەسندكردنی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان:-