لە هەولێر … دیدارێک بۆ لە یەکتر گەیشتن و نزیک بوونەوەى کۆمپانیا کشتوکاڵى و خۆراکییەکانى هەرێمى کوردستان و پۆڵەندا ڕێکخرا

لە هەولێر …
دیدارێک بۆ لە یەکتر گەیشتن و نزیک بوونەوەى کۆمپانیا کشتوکاڵى و خۆراکییەکانى هەرێمى کوردستان و پۆڵەندا ڕێکخرا

ئەمشەو یەکشەممە 2024.11.24، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ماریک مازوور، پارێزگاری شاری ووچى پۆڵەندا و بە بەشدارى بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى هەولێر و سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازیی هەولێر و 30 کۆمپانیایى کشتوکاڵ و خۆراکى پۆڵەندى و ژمارەیەکى تر لە کۆمپانیا و بازرگان و پیاوانى کارى هەرێمى کوردستان، لە هەولێرى پایتەخت، دیدارێکی تایبەت بە لە یەکتر گەیشتن و نزیک بوونەوەى کۆمپانیا کشتوکاڵى و خۆراکییەکانى هەرێمى کوردستان و پۆڵەندا و پتەوکردنى پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر، لەلایەن ڕێکخراوى داهێنەرانى کشتوکاڵى پۆڵەندى بە هەماهەنگى ژوورى بازرگانى و پیشەسازیی هەولێر ڕێکخرا.

لەدیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لەوتارێکدا، وێڕاى بەخێرهێنانى میوانان و بەشداربووانى ئیڤێنتەکە، دەستخۆشى لە ڕێکخەرانى کرد و تەئکیدى لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتى پۆلۆندا کردەوە، هەروەها هەموو پاڵپشتیەکى و هاوکارییەکى پارێزگاى هەولێریشى بۆ سەرخستنى کارەکانیان ئیڤێنتەکە دووپاتکردەوە، دواتر تیشکى خستە سەر ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمە چەشنکردنی داهات و گرنگیدان بە تەواوی سێکتەر و بوارەکان و لەوبارەیەشەوە ئاماژەى بەوەدا کە لە سنووری پارێزگای هەولێر هاوشان لەگەڵ ئەو ستراتیژیەتەى حکومەت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و ئەوروپا بەرەو پێشەوە دەبەین.

پاشان، لەلایەن کۆمپانیا پۆڵەندییەکان، توانا و کارى کۆمپانیاکانیان و چەندین پرس و بابەتى پەیوەست بە کەرتى کشتوکاڵ و خۆراک و ئەو پێشکەوتنانەى کە لەو بوارەدا لە وڵاتەکەیان هاتۆتەدى بۆ ئامادەبووان نمایش کرا.

لەکۆتایشدا، هەریەک لە پارێزگارى هەولێر و پارێزگاری شاری ووچى پۆڵەندا، لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنووسی هاوبەشدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن، دووپاتیان لە بەروەپێشبردنى پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیانى نێوانیان کردەوە و سەرەتاش پارێزگاری شاری ووچ گوتی: “پۆلەندا وڵاتێکە گرنگی بەهەموو پیشەسازی و بەرهەمێکی کشتوکاڵی دەدات، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی وڵاتەکەمان دەتوانین بەرهەمی جۆراوجۆر بەرهەمبهێنین”.

ڕاشیگەیاند: “ئێمە ئەزموونێکی زۆرمان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەیە، بە مەبەستی هەمان هەماهەنگی و هاریکاری لە بوارەکانی کشتوکاڵدا، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار دەکەین، ئێمە یەکەمین بەرهەمهێنەری بەرهەمەکانی خۆراک و پەلەوەرین لە ئەوروپا و لەسەر ئاستی جیهانیش سێیەمین، پۆلۆندا وڵاتێکی پێشکەوتووە و دەتوانن لە زۆر بوارد سوود لە وڵاتەکەمان وەربگرن، وەکو سیرامیک و کەلوپەلی بیناسازیی و شیرەمەنیش”.

دواتر پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەی ستراتیژیەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمە چەشنکردنی داهات و گرنگیدان بە تەواوی سێکتەر و بوارەکان، لەو هەوڵانەی لە هەموو ئاستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، ئێمەش لە سنووری پارێزگای هەولێر هاوشان لەگەڵ ئەو ستراتیژیەتە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و ئەوروپا بەرەو پێشەوە دەبەین”.

گوتیشی: “خۆشحاڵین کە دوو رۆژە شاندێکی بازرگانی وڵاتی پۆلۆنیا بەسەرپەرشتی پارێزگاری شاری وچ لە هەولێرن، سبەیش لە پێشانگەی هەولێر کۆمپانیاکانی پۆلۆنیا بەشدارییەکی کارایان دەبێت، هیوادارین بە سەردان و بەشدارییان لە پێشانگەکەش ببنە هۆی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پۆلۆندا”.

پارێزگاری هەولێر گوتيشی: “پۆلۆندا لە بواری کشتوکاڵ و پەلەوەر و دانەوێڵە و کەرەستەکانی بەرەوپێشەوەبردنی کەرتی کشتوکاڵی پێشەنگە، ئێمە دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین، ئەوانیش سەیری دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بکەن لە هەرێمی کوردستاندا، لە هەندێ بواردا، وەک بەرهەمی پەلەوەر، بەبەرهەمهێنانی مریشک و هێلکە، هاوکات پەتاتە، جگە لە پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ، هەرێمی کوردستان بەرهەمەکان دەنێرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق”.