پۆلۆنیا و هەرێمی کوردستان لە بواری پەلەوەر و کەلوپەلی بیناسازیدا هەماهەنگیی دەکەن

پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری وچی پۆلۆنیا، دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان پتە دەکەن و سوود لە ئەزموونی یەکتر وەردەگرن.

یەکشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2024، مارک مازوور، سەرۆکی شاندی بازرگانی پۆلەندی و پارێزگاری وچ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا هاوشان لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی: پۆلەندا وڵاتێکە گرنگی بەهەموو پیشەسازی و بەرهەمێکی کشتوکاڵی دەدات، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی وڵاتەکەمان دەتوانین بەرهەمی جۆراوجۆر بەرهەمبهێنین، گوتیشی: ئێمە ئەزموونێکی زۆرمان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەیە، بە مەبەستی هەمان هەماهەنگی و هاریکاری لە بوارەکانی کشتوکاڵدا، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار دەکەین، ئێمە یەکەمین بەرهەمهێنەری بەرهەمەکانی خۆراک و پەلەوەرین لە ئەوروپا و لەسەر ئاستی جیهانیش سێیەمین.”

مارک مازوور  ئاماژەی بەوە کرد کە، پۆلۆنیا وڵاتێکی پێشکەوتووە و دەتوانن لە زۆر بوارد سوود لە پۆلۆنیا وەربگرن، وەکو سیرامیک و کەلوپەلی بیناسازیی و شیرەمەنیش.

دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی: لە چوارچێوەی ستراتیژیەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمە چەشنکردنی داهات و گرنگیدان بە تەواوی سێکتەر و بوارەکان، لەو هەوڵانەی لە هەموو ئاستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، ئێمەش لە سنووری پارێزگای هەولێر هاوشان لەگەڵ ئەو ستراتیژیەتە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و ئەوروپا بەرەو پێشەوە دەبەین.

گوتیشی: خۆشحاڵین کە دوو رۆژە شاندێکی بازرگانی وڵاتی پۆلۆنیا بەسەرپەرشتی پارێزگاری شاری وچ لە هەولێرن، سبەیش لە پێشانگەی هەولێر کۆمپانیاکانی پۆلۆنیا بەشدارییەکی کارایان دەبێت، هیوادارین بە سەردان و بەشدارییان لە پێشانگەکەش ببنە هۆی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پۆلۆنیا.

پارێزگاری هەولێر گوتی: پۆلۆنیا لەبواری کشتوکاڵ و پەلەوەر و دانەوێڵە و کەرەستەکانی بەرەوپێشەوەبردنی کەرتی کشتوکاڵی پێشەنگە، ئێمە دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین، ئەوانیش سەیری دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بکەن لە هەرێمی کوردستاندا، گوتیشی: لە هەندێ بواردا، وەک بەرهەمی پەلەوەر، بەبەرهەمهێنانی مریشک و هێلکە، هاوکات پەتاتە، جگەلە پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ، هەرێمی کوردستان بەرهەمەکان دەنێرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق.