داوا له‌ هاووڵاتییانی ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 ده‌كرێت بۆ قۆناغی داهاتوو ئاماده‌بن

وەزارەتی پلاندانانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ هاووڵاتيانى ناوچه‌كانى مادده‌ى 140 ده‌كات بۆ قۆناغی داهاتوو ئاماده‌بن چونكه‌ زۆر گرنگه‌  تاكو بتوانين خاڵى سه‌ره‌كى ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵ جێبه‌جێبكرێت.

له‌ راگه‌یاندراوێكدا وەزارەتی پلاندانانی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، له‌ ماوه‌ى سێ رۆژدا، زياتر له‌ 100 هه‌زار په‌يوه‌ندى ته‌له‌فۆنى كراوه‌ بۆ سه‌نته‌رى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌ ژوورى عه‌مه‌لياتى سه‌رژمێرى له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم و ژماره‌يه‌كى هاوتاكراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيه‌كانى ئامار له‌ پارێزگاكان و ئيداره‌سه‌ربه‌خۆكان و زۆرى ئه‌و په‌يوه‌ندييانه‌ تونرا وه‌ڵام بدرێنەوه‌و كاريان له‌سه‌ر كرا.

ده‌شڵێت، له‌ ماوه‌ى چوارده‌ ڕۆژ سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى ده‌يان ئاسته‌نگى ته‌كنيكى و كێشه‌ى مه‌يدانى توانرا ئەم قۆناغە بەسەرکەوتووی جێبەجێبکرێت.

وه‌زاره‌تی پلاندانان گوتیشی، هاووڵاتيانى ناوچه‌كانى مادده‌ى 140 وێنه‌يه‌كى جوان و پر مانايان نيشاندا كاتێك به‌ هه‌زاران خێزان گه‌ڕانه‌وه‌ زێدى خۆيان بۆ به‌شداريكردن له‌ سه‌رژمێرى له‌ شنگال، مه‌خموور، كه‌ركوك و خانه‌قين و ناوچه‌كانى ترى كوردستانى بوونى ئه‌و ناوچانه‌یان دووپاتكرده‌وه‌.

ئه‌وه‌شی خراوه‌ته‌ڕوو، به‌ كردار بۆ ته‌واوكردنى ئه‌و ماندووبوون و زه‌حمه‌ته‌ىكێشرا له‌لايه‌ن هاوڵاتيان داوايان لێ ده‌كه‌ين به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شدارى له‌ قۆناغى پڕكردنه‌وه‌ى فۆرمى سه‌رژمێرى بكه‌ن چونكه‌ قۆناغى ڕابردوو ته‌نیا ژماره‌ى خێزان و ئه‌ندامانى نيشان ده‌دات له‌گه‌ڵ چه‌ند زانيارييه‌كى ترى به‌سوود به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى سوودى ته‌واو وه‌ربگيرێت له‌و پڕۆسه‌ گه‌وره‌يه‌ پێويسته‌ فۆڕمى ووردى سه‌رژمێرى پڕ بكرێته‌وه‌.

هاوكات وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێمی كوردستان داوایه‌ك ئاراسته‌ی ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 ده‌كات و ده‌ڵێت، داوا له‌ هاووڵاتيانى ناوچه‌كانى مادده‌ى 140 ده‌كه‌ين ئاماده‌بن بۆ ئه‌و قۆناغه‌ چونكه‌ زۆر گرنگه‌ بۆيان و بۆمان تاوەكو بتوانين خاڵى سه‌ره‌كى ڕێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵ جێبه‌جێ بكرێت سه‌باره‌ت به‌ له‌يه‌ك به‌ستنى (موقاته‌عه‌) داتاكانى سه‌رژمێرى (2024) له‌گه‌ڵ سه‌رژمێرى ساڵى (1957) و دروستكردنى تۆمارى ناوچه‌كانى مادده‌ى 140 كه‌ ده‌بێته‌ بنه‌ماى جياكردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى ره‌سه‌ن له‌گه‌ڵ وافد و خه‌ڵكى تر، بۆيه‌ هه‌بوونى ئه‌ندامێكى خێزان له‌و ناوچانه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و فۆرمه‌ يه‌كجار گرنگه‌.