حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: خەڵکی کەرکووک پەیامی خۆیان گەیاند و پێیان وتین ئەنجامی یەکڕیزی سەرکەوتنە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: سوپاسی خەڵکی کەرکووک دەکەین کە بەشدارییەکی کارایان لە پرۆسەکەدا هەبوو، ڕێژەی بەشداریکردن لە پرۆسەکە لە پاریزگای کەرکووکدا ٩٩,٤٧% بوو. دەشڵێ: سەرژمێری بۆ تەواوی وڵاتان گرنگ و پێویستە، چونکە ئەگەر تۆ پلانت نەبێت ناتوانی هەنگاو بۆ داهاتوو بنێی، خەڵکی کەرکووک بە حزبە کوردستانییەکانیان گوت هەر کاتێک نێو ماڵی کورد یەک بێت ئەوە دەرئەنجامەکەی دەبێت.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی سەر بە ماددەی ١٤٠ دەستی پێ کرد و تاوەکو کاتژمێر ١٢:٠٠ـی شەوی هەینی، بەردەوام بوو.
* لە پارێزگای کەرکووک پرۆسەی سەرژمێری چۆن بەڕێوەچوو؟
– پرۆسەکە بەشێوەیەکی زۆر جوان و ڕێکوپێک بەڕێوەچوو، دەستخۆشی تەواومان بۆ خەڵکی کەرکووک هەیە و پەیوەندیەکی باش لە نێوان بژمێرەکان و هاووڵاتییان هەبوو بەبێ خروقات پرۆسەکە بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداری زۆر باش بوو و گەیشتە ٩٩.٤٧%، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەسەر پێشنیازی بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی، چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی پرۆسەکە پێشنیاز کرا کۆبوونەوەیەک لە نێوان حزبە کوردستانییەکان بکرێت، بە سوپاسەوە کۆبوونەوەکە کرا و تەواوی حزبە کوردستانییەکان بەشدار بوون هەر لە کۆبوونەوەکەدا نەخشەڕێگامان دانا کە چۆن پێشوازی لە خەڵکی خۆمان بکەین، بەرنامە و پلانی خۆمان دابنێین، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین خەڵکی کەرکووکی ڕەسەن بگەڕێنینەوە، خۆشبەختانە خەڵک گەڕایەوە، بە هەموو لایەک توانیومان بە سەرکەوتوویی کۆتای بە پرۆسەکە بهێنین.
* چیت هەیە بۆ ئەو کەرکووکیانەی لەپێناو سەرژمێری گەڕانەوە؟
– سوپاسی خەڵکی کەرکووک و هاوشاریان دەکەین، کە بەشێوەیەک لە خزمەتی ئەو دۆست و کەسانە بوون کە گەڕانەوە ناتوانین وەسفی بکەین، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەژێر هەر ناوێک دەرکراون ئێستا جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە، ئەو دوو ڕۆژەی پرۆسەی سەرژمێری کرا لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ یەکەمجارە کەرکووک بە ئارامی لە باوەشی ڕۆڵەکانی خۆیدا بخەوێت.
* گرفتەکانی بەردەم پرۆسەکە چی بوون؟
– گرفتەکان زۆر کەم بوون، تەنیا دوو گوند کەوتبوونە سەر نەخشەی هەولێر کە لە بنەڕەتدا سەر بە کەرکووک بوون، تەنیا ئەو دوو حاڵەتە هەبوو، دواتر ئەو کێشەیە چارە کراو و هیچ کێشەیەک نەما و پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
* دوای سەرژمێری بۆ کەرکووک دەبێت چی بکرێت؟
– هەر شتێک لە بەرژەوەندی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بێت دەبێت بکرێت، خەڵکی کەرکووک بە کردار دڵسۆزی و ئینتیمای خۆیان سەلماند و بە حزبە کوردستانییەکانیان گوت، چ لە کەرکووک، چ لەناو هەرێمی کوردستان هەر کاتێک نێو ماڵی کورد یەک بێت ئەوە دەرئەنجامەکەی دەبێت، بینیمان کەرکووکیەکان چۆن بە جۆش و خرۆشەوە هاتنەوە، سەلماندیان، هێزی کورد لە یەکگرتندایە.
*سەرژمێری بۆ چ گرنگە؟
– سەرژمێری بۆ تەواوی وڵاتان گرنگ و پێویستە، چونکە ئەگەر تۆ پلانت نەبێت ناتوانی هەنگاو بۆ ئایندە بنێی، سەرژمێری نەخشە ڕێگایەکە پێت دەڵێت دۆخی وڵاتەکەت چۆنە، هەتا لە قوتابخانەیەکەوە بگرە تا دەگەیە بەرزترین دامەزراوە، بەپێی سەرژمێری پلان بۆ سێکتەرەکانی ژیان دادەنێی.