دەرەنجامی سەرژمێری کاریگەری لەسەر پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان دەبێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

ئەو ڕۆژانەی بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستنیشان کرابوو کۆتایی هات، هەرچەندە کۆی پڕۆسەکە هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە و تا دەی مانگی داهاتوو دەیان پرسیاری دیکە لە خەڵک دەکرێن کە پەیوەستن بە باری گوزەران و ژیانی هاووڵاتییانەوە. پێشبینی دەکرێ دەرەنجامی سەرەتایی ئەو سەرژمێرییە لەوانەش ژمارەی دانیشتووان عێراق، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان لەم ڕۆژانەدا ڕابگەیەیەنرێت کە بە گرنگترین دەرەنجام دادەنرێت و ژمارەکان کاریگەرییان لەسەر ڕێژەی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.

لە عێراق بیست و حەوت ساڵ و لە هەرێمی کوردستانیش سی و حەوت ساڵە سەرژمێری نەکرابوو هەر چەندە سەرژمێرییەکان ناڕاست بوون و هێمای پرسیاریان لەسەر بووە و بۆیەش ئاماری سەرژمێریی ڕۆژانی بیست و بیست و یەکی مانگ بە گرنگ هەژمار دەکرێت و لانی کەم تا دە ساڵی تر و تا سەرژمێرییەکی دیکەی دانیشتووان وەک بنەمایەکی یاسایی بۆ بودجە و ئاوەدانکردنەوە و دەیان بواری تر دادەنرێت.
کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕژێمی عێراق ڕووخێنرا، هەموو ئەو ئامارانەی کە لەبەردەستدا بوون ئاماری ناڕاست یان گوماناوی بوون و بۆیەش پێوەری دیاریکردنی بەشێکی زۆر لە پشک و شایستە داراییەکان و پشکی پەرەپێدانی پارێزگاکان و سیاسەتەکانی پێوەست بە گەشەسەندن لەسەر بنەمای هەڕەمەکیانە یان ڕێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەکان یان پشتبەستن بە هەندێک ئاماری ڕابردوو کراوە.
لە پێوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان یەکەم ئامار یان ڕێژە کە ئەو کات لە ئەنجامی دانوستانەکانی سەرکردایەتی سیاسیی کورد و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە دیار کەوت و لە دەستووریشدا حسابی بۆ کرا دیاریکردنی ڕێژەی حەڤدە لەسەدا بوو بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو ڕێژەیە ڕاستەوخۆ کاریگەری خستە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و پرسی ئاوەدانکردنەوە لەو پارێزگایانەی کە بە هەرێمی کوردستان ناسرابوون.
لەو بودجانەی کە لە پەرلەمانی عێراق پەسند دەکران دوای جیاکردنەوەی بودجەی سیادە لەسەدا حەڤدەی پشکی بودجە و شایستە داراییەکان بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرا کە مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرا.
ئەو پشکە لە بودجە ڕۆڵی زۆر کارا و باشی لە بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەبوو و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاسایش و ئارامییەی لە کوردستاندا هەبوو بەهۆی هاتنی ئەو بودجە زۆرە سیمای شارەکانی کوردستان بە تەواوی گۆڕانکارییان بەسەردا هات و خزمەتگوزاریی و کوالێتی ژیانیش بەرز کرایەوە.
ئەو دۆخە تا ساڵی ٢٠١٤ بەردەوام بوو بەڵام لە لایەن نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق کێشەی بۆ دروست کرا و بە بیانووی جیاواز کە دواتر دەرکەوت بیانووەکان سیاسین، پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بڕدرا و ئێستەیشی لەگەڵدا بێت بەغدا هیچ ساڵێک و هیچ کاتێک شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی وەک خۆی نەناردووە سەرەڕای ئەوەی کە بە یاسا دیاری کرابوو.
لە ساڵانی دواتردا بەغدا پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردەوە و بیانووەکەی ئەوە بوو کە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ناگاتە حەڤدە لەسەدای دانیشتووانی عێراق و بۆیەش شایانی ئەوە نییە ئەو پشکەی بۆ ببڕێتەوە، ئەوە بەدەر لەو فێڵانەی لە زیادکردنی بودجەی سیادەدا کرا و قەبارەیەکی زۆر لە بودجەی عێراق بە ناوی قەرز و کڕینی گەنم و دابینکردنی دەرمان و سوپا و بواری تردا بۆ سیادە گواسترایەوە.
بەپێی ئەو ڕێژەیەی لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥ی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە پشکی بودجەی هەرێمی کوردسان دوازدە پۆینت شەست و حەوت لەسەدایە کە لە چاو ئەو پشکەی لە دوای دامەزراندنی عێراقی فیدراڵ دیاری کرا چوار پۆینت بیست و سێ لەسەدا کەمترە.
ئەمە دەری دەخات کە لە هەر سەد ملیۆن دۆلار لە دابەشکاری بودجە سێ ملیۆن و دووسەد و سی ملیۆن دۆلار کەمتر نێردراوە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێژەی دوازدە پۆینت شەست و حەوت لەسەداکەیش وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.
لە دەرەنجامی ئەو سەرژمێرییە ئەو مافەی هەرێمی کوردستان زۆر ڕوونتر دەردەکەوێت و ژمارەی دانیشتووانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ئەگەر بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی کۆی عێراق لەو ڕێژەیە زیاتر بوو کە بە گریمانە دیاری کراوە ئەوا دەبێت لە یاسای بودجەدا ڕێژەکە بەرز بکرێتەوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاو دەکرایەوە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی چواردە لەسەدای ژمارەی دانیشتووانی عێراق بووە بەڵام پشتی پێ نەبەستراوە و چاوەڕوانی دەرەنجامی سەرژمێری کراوە.
لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بە پێی سەرژمێری چەند دەبێت و کورد هیوادارە لەو ڕێژەیە زۆر بەرزتر بێ کە لە یاسای بودجە بوی دیاری کراوە.