سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەداخەوە عێراق نەیتوانیوە توانستی هەرە باشی خۆی نیشان بدات بۆ گرنگیدان بە مافی ئافرەت و یەکسانی، بەڵام بارودۆخەکە لە کوردستان زۆر جیاوازە هەوڵمان داوە ڕۆڵی زیاتر بە ئافرەت بدەین، دەرفەتی یەکسانمان ڕەخساندووە، ئافرەتانیش شان بە شانی پیاوان لە وەزارەت و فەرمانگە حکوومییەکان ڕۆڵیان هەیە.
ئەمڕۆ شەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە پانێلێک لە پەراوێزی کۆڕبەندی مێپس، ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک هۆکار هەن کاریگەرییان لەسەر سنووردارکردنی مافەکانی ئافرەت هەیە، وەک؛ هەژاری و نەخوێندەواری، ئەمەش بەربڵاوە بەداخەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو عێراق نەیتوانیوە توانستی هەرە باشی خۆی لەو بوارە نیشان بدات، دەبینین نەخوێندەواری ڕێژەکەی بەرزە ئەمە بۆ ئافرەتیش خراپە و نەبوونی متمانەیەوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: “پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەیە و دەمانەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە پەرە بە پەیوەندییە دوولایەنەکمان بدەین.”
هاوکات باسی لەوە کرد: ئێمە لە کوردستان لە بارودۆخێکی جیاوازداین، سەیری مێژووی ئێمە بکەیت ئافرەتان بەردەوام ئازادی زیاتریان هەبووە، هەوڵمـان داوە زیاتر هێز و دەسەڵاتیان پێ بدەین و بەشدارییەکانیان لە وەزارەت و فەرمانگە حکوومییەکان زیاتر بکەین.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە پەرلەمان بەشێک لە پەرلەمانتاران ئافرەتن، زۆریشیان لە کابینەی نۆیەمدا پۆستیان پێ درابوون، هەوڵ دەدەین دەرفەتی یەکسان بخەینە بەر دەستیان من زۆر هەستیارم لەو پرسە من باس لە مافەکانی ئافرەت ناکەم باس لە مافی یەکسان دەکەم کە پێویستە هەبێت لەگەڵ پیاودا.
مەسرور بارزانی، گوتیشی: پێویستە مافی هەمووان بپارێزین، هەمووان دەبێت مافی یەکسانیان هەبێت، خەڵکانیك هەن لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتن، ئێمە ئێستا یاسایەکمان لە پەرلەمان تێپەڕاندووە بۆ دەستەبەرکردنی مافی فەرمانبەران لە کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی کاتێک دەگەنە تەمەنی خانەنشینی دەستەبەر بکرێن و مووچەیان بۆ ببڕێتەوە و ترسیان لە کەرتی تایبەت نەبێت، کە ئەمەش هاندەرە بۆ خاڵکانێکی زۆر تا بە دوای کارکردن لە کەرتی حکوومی وێڵ نەبن، بەڵکو سەیری دەرفەتی کار بکەن لە کەرتی تایبەت.