هەولێر.. كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە و فێركردن بەڕێوە دەچێت

كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پەروەدە و فێركردن ‘ICET2024’ بە بەشداریی هەریەك لە وەزیرانی پەروەردەی حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

دووشەممە، 25-11-2024،  لە شاری هەولێر، بە بەشداریی 300 بەرپرس و كەسایەتی و شارەزایانی پەروەردەیی لە کوردستان و عێراق، كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە و فێركردن ‘ICET2024’ بەڕێوە دەچێت.

لە ڕێوڕەسمی دەستپێكی كۆنفرانسی ‘ICET2024’ هەر یەك لە د. فەلاح مەحموود، نوێنەری وەزیری پەروەردەی حكوومەتی فیدراڵ، دكتۆر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، شارلۆت دیكسن، جێگری كونسوڵی گشیی بەریتانیا لە هەولێر؛ گوتار پێشكەش دەكەن.

زیاتر لـە 30 دامەزراوە و زانكۆی عێراق و كوردستان و نێودەوڵەتی پاڵپشتیی كۆنفرانسەكە دەكەن، نزیكەی 60 قسەكەر لە پانێڵەكانی كۆنفرانسەكە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ئۆنڵاین گوتاریان دەبێت.

ئامانج لە کۆنفرانسەكە، پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنە لە قوتابخانەکانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی لێهاتوویی مامۆستایان و لێك نزیككردنەوەی پسپۆڕانی پەروەردەیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، مەبەستێكی دیكەی سازكردنی كۆنفرانسەكەیە.