فوئاد حوسێن: ئەگەر شەڕ ڕووبدات ئابووری عێراق پەکی دەکەوێت

وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق و ناوچەکە دەڵێت: ئەگەر عێراق بخزێتە نێو شەڕی ناوچەکە، سەرچاوەکانی هەناردەکردنی نەوتی بە ئامانج دەگیرێن و ئابووری عێراق پەکی دەکەوێت.

هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چوارچێوەی پانێلی کۆڕبەندی مێپس گوتی: عێراق ڕۆڵی هەیە لە نزیککردنەوەی لایەنەکانی سعودی و ئێرانی و گفتوگۆکان پێنج جار لە بەغدا بەڕێوەچوون، دەشڵێت: ئاسایشی عێراق بەستراوەتەوە بە ئاسایشی ناوچەکە و بە پێچەوانەشەوە.

وەزیری دەرەوە گوتی: لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق ململانێی گەورە هەن و هەندێکیان درێژدەبنەوە ئەودیو سنوور، دەڵێت: ئێستا ڕەوشەکە بەهۆی گەڤە نوێکانی لە ناوچەکە هەن ئاڵۆزە، لەوانەیە ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گشتگیر بچێت.

لەبارەی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا گوتی: سیاسەتی ترەمپ، سیاسەتێکی جیاوازە لەگەڵ دیموکراتەکان، سیاسەتی ئەو بە ئاراستەی رۆهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگە چارەسەری کێشەکان بکات، گوتی: ئێستا ئێمە لەبەردەگای شەڕداین لە ناوچەکە، شەڕ تەنها لە غەززە و لوبنان نییە، ئێمە هەست دەکەین پانتایی شەڕەکە بەرفراوانتر دەبێت، لە باس لە فراوانبوونی شەڕ دەکەین، ئەوە واتای سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریکا لەگەڵ واقیعە نوێکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکات.

لەبارەی هەڕەشەکانی داعشیش، وەزیری دەرەوە گوتی: گەڤی داعش وەکو پێشتر نییە، ئەوە بەمانای ئەوە نییە تیرۆر نەگەڕێتەوە، لەو بارودۆخە ڕەنگە داعش خۆی ڕێک بخاتەوە و بگەڕێتەوە بۆ خاکی عێراق.

دەشڵێت: ئابووری عێراق تاک لایەنەیە کە پشت بە نەوت دەبەستێت، کە نرخی نەوت دادەبەزێت، ڕەوشەکە ئاڵۆز دەبێت، پشت بەستن بە نەوت ئالەنگارییە، کە ناوچەکە لەژێر ئاگردایە، ئەگەر شەڕێک ڕووبدات، عێراق ناتوانێت نەوت لەڕێگەی بەسرەوە بنێرێتە دەرەوە و پەلی دەکەوێت، تەنها بۆریەکەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە، دوای چوار بۆ پێنج ساڵی دیکە عێراق دەبێتە خاوەنی گازی سروشتی.

هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد.