سه‌رۆك بارزانى بۆ ئاماده‌بووان: دەمەوێ بە ڕاشكاوانە بێمە سەر بابەتی كێشەی نەتەوەی كورد

سه‌رۆك بارزانى، له‌ وتارێكدا له‌ پێنجه‌مین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە ‘مێپس’، ڕایگه‌یاند، سوپاسێكى گه‌رمى گه‌لى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ سه‌رى ئێمه‌یان به‌رز كرد و له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان پیشانیان دا كه‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتى ده‌كه‌ن له‌ كاتى پێویستدا، هه‌روه‌ها له‌ باره‌ى گفتوگۆ كردنی لایەنەكانه‌وه‌ گوتی، لەم ڕۆژانە ئینشائەڵا دوای ئەوەی كە ئەنجامەكان بە شێوەیەكی فەرمی لە لایەن كۆمسیۆنەوە رادەگەیەندرێن، دەست بە گفتوگۆ دەكرێ لە نێوان هەموو لایەنەكان”.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، له‌ پێنجه‌مین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە ‘مێپس’، ڕایگه‌یاند: “بەڕێزان لە هەرێمی كوردستان، پێش نزیكەی مانگێك، هەڵبژاردنێكی مێژوویی ئەنجام درا، پێشبینیی هەموو لایەك ئەوە بوو كە ئەم هەڵبژاردنە ناكرێ یان ئەگەر بكرێ گرفتی زۆر دێتە پێش، بەڵام لێرەدا من بە پێویستی دەزانم سوپاسێكی گەرمی گەلی كوردستان بكەم، سەری ئێمەیان بەرز كرد و پیشانیشیان دا كە هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن لە كاتی پێویستدا، هەڵبژاردنێك كە 72%ی خەڵكی كوردستان بەشدار بوون تێیدا و ئەنجامەكانیشی مەعلووم بوون. ئیتر ئێمە ئومێدەوارین كە لەمەودوا هەموو لایەك مامەڵە لەگەڵ شەرعیەت بكەن، ئەو شەرعیەتەی كە میللەت داویەتی. هەنگاوی داهاتوو هەر لەم ڕۆژانە ئینشائەڵا دوای ئەوەی كە ئەنجامەكان بە شێوەیەكی فەرمی لە لایەن كۆمسیۆنەوە رادەگەیەندرێن، دەست بە گفتوگۆ دەكرێ لە نێوان هەموو لایەنەكان، بۆ ئەوەی هەرچی زووتر پەرلەمان دەست بەكار بێ و هەنگاوەكانی تریشی بەدوادا بێت. ئومێدەوارین هەمووتان پشتگیریمان بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوو (یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە) لە كوردستان هەبێت.

سه‌رۆك بارزانى هه‌روه‌ها، ڕایگه‌یاند: “بە خۆشحاڵییەوە كە دوێنێ و پێرێ بوو، ئەو سەرژمێرییەی سەرتاسەری بوو لە عێراق، تەئكید كراوە و زەمانەتیش دراوە كە ئەمە هیچ مەبەستێكی سیاسی لە دوای نابێت و هیچ تەئسیرێكیشی نابێت لەسەر ناوچەكانی ماددەی 140، بەڵام ئەمە بەڕاستی بەرچاوڕوونییەكی زۆر دەبێت بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ ئەوەی پلانەكانی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و زانستییانە دابڕێژێت بۆ لەمەودوا.”

سه‌رۆك بارزانى، له‌ درێژه‌ى وتاره‌كه‌یدا بۆ ئاماده‌بووانى پێنجه‌مین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە ‘مێپس’، گوتیشی: “بەڕێزان دەمەوێ تۆزێك بە ڕاشكاوانە بێمە سەر بابەتی كێشەی نەتەوەی كورد، هەموومان دەزانین دوای جەنگی جیهانیی یەكەم، ئەو دابەشكردنەی كە سەرلەنوێ ئەنجام درا لە ناوچەكە، باوەڕ ناكەم بە دڵی هیچ كام بێت، هی نەتەوەیەك، نە عەرەب، نە كورد، نە تورك، نە فارس، واقیعێك بوو و فەرز كرا، بەڵام لێرەدا غەدر و زوڵمی گەورە بە بەر كورد كەوت. 100 ساڵ ئینكاری هەبوونی نەتەوەی كورد كرا، كوردیش 100 ساڵ بەرخودانی كرد، نە ئینكاری هەبوونی كورد، نە كوردیش توانی ئەو واقیعە بگۆڕێت، ئەمە چیمان پێ دەڵێ؟ دەڵێ دەبێ دانیشین و بیر لە چارەسەری ئاشتییانە و برایانە و ڕێز لە یەكتریكردن و یەكتری قەبووڵكردن بكەینەوە، ئەمەیە ڕێگەی ڕاست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە”.

هه‌روه‌ها، گوتیشی: “تەبیعی ناكرێ ئێمە بڵێین ئەگەر لە پارچەیەك چارەسەرێك دۆزرایەوە دەبێ ئەمە ببێتە فۆتۆكۆپیی هەموو ناوچەكانی تر، هەر ناوچەیەك خسوسیەتی خۆی بۆ دروست بووە و دۆخی كوردستانی عێراق جیاوازە لەگەڵ پارچەكانی تر، بەڵام ئێمە زۆر زۆر خۆشحاڵین كە دەبینین دیسان دەنگوباسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستی پێكردۆتەوە و لە هەر كوێیەك، هەر چارەسەرێك بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئێمە بە هەموو توانایەك پشتگیری دەكەین و لەگەڵی دەبین”.

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، گوتی: “لە كۆتاییدا، بۆم دەركەوتووە لە تەجروبەی خۆم، ئەگەر بڕوامان بە خۆمان نەبێ، خۆمان نەبین، ئامادە نەبین بۆ هەموو فیداكارییەك، كەس ناتوانێت هیچمان بۆ بكات. لە كاتێكدا دۆستەكانی ئێمە دەتوانن پشتگیریی ئێمە بكەن، كە خۆشمان هەبین و بزانین چ دەكەین. لە هەمان كاتیشدا دەبێ واقیعبین بین و دەبێ بزانین هەنگاو بۆ كوێ دەنێین”.