ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی: ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێمان پێشکەش بە گەلی کوردستان کرد

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا دوای تەواوبوونی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە پارێزگای کەرکووک، سوپاسی بەشداریی کوردانی کەرکووک لە پرۆسەی سەرژمێری دەکات، دەشڵێت: ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێمان پێشکەش بە گەلی کوردستان کرد.

پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا دوای تەواوبوونی پرۆسەی سەرژمێری، سوپاسی بەشداریی کوردانی کەرکووک لە پرۆسەی سەرژمێری دەکات و دەڵێت: ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێمان پێشکەش بە گەلی کوردستان کرد.

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

جەماوەری بەشەرەف و کوردپەروەر و نیشتمانپەروەری شاری کەرکووک و دەوروبەری، سڵاوێکی گەرمتان پێشکەش دەکەین لەپای بەشداریکردنتان لە سەرژمێری عێراق، بە گەڕانەوەتان بۆ کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، بە ناونووسکردنتان، دڵسۆزیتان بۆ وڵات، بۆ نەتەوەکەمان و خوێنی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان سەلماند.

نەهێشتنی ئاڵۆزی و پەرتەوازەیی لە کەرکووک ئەو ئامانجە بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە میوانداری و دەستپێشخەرییەکەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری کەرکووک، لە ڕۆژی 13/11 ئەنجامی دا کە بەرپرسی یەکەمی هەموو حزب و پارتە سیاسییە کوردستانییەکان لە بارەگای لقی سێی پارتیمان لە کەرکووک کۆبوونەوە، بە وتارێکی سیاسی و بەیاننامەیەکی هاوبەش بەڵێنماندا هەمووان پێکەوە وەک یەک تیم، دەست لەناو دەست هەوڵ بدەین، هاووڵاتیانی کوردی ڕەسەنی شارەکە و دەوروبەری هان بدەین ڕێگایان بۆ خۆش بکەین کە بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و شوێنەکانی خۆیان، لێرە خۆیان ناونووس بکەن. کە ئەوەش بۆ ئایندەی کورد لە شارەکە کارێکی ستراتیژی مەزن بوو.

ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێمان پێشکەش بە گەلی کوردستان کرد، کە ئەویش یەک گووتاری سیاسی یەکگرتوویی نێوان هەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان بوو لەکەرکووک.

ئەوەی گرنگە، تێپەڕاندنی ئاڵۆزی و گرێی دەروونییە، کە خۆپارێزییە لە تەفرەقە پەرتەوازەیی، ئەم ئەزموونە ئەوەی سەلماند کە دەتوانین بە ئامانجی گەورە بگەین، بەڵام بە مەرجێک یەکڕیز و تەبا و ڕاستگۆ بین، گرنگە تەبایی و یەکڕیزیی بەردەوام بێت، لە سەر ئاستی جیاجیای سیاسی و ڕۆشنبیری و هونەری و هەمەچەشنی، چونکە مەرج نییە ئەم دۆخە سیاسییەی عێراق لە ئاستێکدا بمێنیتەوە کە وەک بۆ سەرژمێری ڕەخسا بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە هەموومان پێکەوە بین.

زۆر سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت سەرۆکی حکوومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان کە زۆر هاوکار بوون بۆ سەرخستنی پلانی گەڕانەوەی کوردەکانی خۆمان بۆ کەرکووک و شوێنەکانی دیکەی چوارچێوەی ماددەی 140، هەرچەند دڵنیاین ڕێژەیەکی زۆر لە کوردی کەرکووک و دەوروبەری بە هۆکاری جیا جیا نەیانتوانی بگەڕێنەوە شوێنی ڕەسەنی خۆیان بۆ خۆتۆمارکردن، چ لە هەرێمی کوردستان بووبن یان شارەکانی تری عێراق و دەرەوەی وڵات.

سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی هەڤاڵانمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزارەتەکانی تری عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین، کە پێکەوە کاریان لەسەر سەنگ و دەنگی کورد کرد بۆ خۆتۆماردکردنیان هاوشان لەگەڵ پێکهاتە ڕەسەنەکانی تری شارەکە.

لە کۆتاییدا، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان گیانی تەبایی و یەکڕیزی نێوان پێکهاتە ڕەسەنەکانی شارەکە و دەرووبەری بە کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیانەکان بە پێویست و گرنگ دەزانین، هەمیشە دەمانەوێ بەیەکەوە خزمەتی خاک و خەڵکی کوردستان و دانیشتووانی کەرکووک و دەوروبەری بکەین.

سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی هاوکاری خەڵکیان کرد و هاووڵاتیانیان لە جێگە و ڕێگەی رەسەنی شارەکە و شوێنەکانی تر حەواندەوە.

سوپاس بۆ هەموو میوانخانە و شوێنە گشتییەکان و کە ئامادەبوون هاوکاری خوشک و براکانیان بکەن

سوپاسی یەکە ئیدارە تایبەتمەندەکانی شارەکە و تیمەکانی سەرژمێری و بازگەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هاوکار بوون لە بەرێوەچوونی پرۆسەکە.

بژی کورد

بژی کوردستان

بژی یەکڕیزیی و پێکەوەژیانی هاوبەش بۆ نەتەوە ڕەسەنەکانی کەرکووک