تەقەکەرانی سەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر دەستگیر کران

پۆلیسی هەولێر، دوو کەسی دەستگیر کرد کە شەوی ڕابردوو لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر، بە شیوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان کردبوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (ز. ح. و) و (ع. س. م) دەستگیر کران، کەوا شەوی ڕابردوو بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لەناو شاری هەولێر لەسەر شەقامی 60 مەتری تەقەیان کردبوو.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردەوە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی تیمەکانیان، بۆیان دەرکەوت کە ئەو دوو تۆمەتبارە لەناو ئۆتۆمبلێکی جۆری (تاکسی) بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و نابەرپرسیارانە لەسەر شەقامی ئاماژەپێکراو تەقەیان کردووە و فیشەکێک بەر پەنجەرەی یەکێک لە تاوەرەکانی نیشتەجێبوون کەوتووە.

ئاماژەی بەوە دا: پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتبارانی ناوبراو دەستگیر کران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە و درانە دادگە.

پۆلیسی پارێزگای هەولێر هۆشداری دەدات و دەڵێت: هەر کەسێک لە شاری هەولێر بیەوێت ئارامیی شارەکە تێک بدات و ئاژاوە بنێتەوە، دەستگیر دەکرێت و دەدرێتە دادگە.