سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ڕێگرییان لە سەرژمێریی كوردانی گوندێكی كوردنشین كرد

بەشێك لە میدیاكانی شاری سلێمانی ڕایانگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ی 11ی 2024، لەگوندێکی کوردنشین، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ڕێگرییان لە خێزانە کوردەکان كردووە لە سەرژمێری بەشدار بن.
ئەو میدیایانە باسیان لەوە كردووە: لە گوندی تەپەچەرمی، لە سنووری ناحیەی گوڵاڵە، ٣٨ خێزانی کوردی گوندەكە لە سەرژمێری بێبەش كراون و ڕێگەیان لێگیراوە.
ئەنجوومەنی گوندەكە ڕایگەیاندووە: “لە ڕۆژی سەرژمێریی گشتیی دانیشتواندا، ٣٨ خێزانی کوردی دانیشووی گوندی تەپەچەرموو، لە سنووری شێخباوەی ناحیەی گوڵاڵە گەڕاونەتەوە، بەڵام سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هاتوونەتە ناو گوندەکە و خێزانە کوردەکانیان دەر کردووە و نەیانهێشتووە تیمەکانی سەرژمێری ناوی ئەو خێزانە کوردانە لە گوندەکە تۆمار بکەن.”
باس لەوەش كراوە، خێزانە كوردەكان بە زەبری هێز و ناچاركردن لە گوندەكە دەركراون و لەو ناوچەیە دوور خراونەوە، تاكوو نەتوانن لە كاتێكی تردا سەرژمێری بكەن.
ئەمڕۆ 20ی 11ی 2024، پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق دەستی پێكرد و لە چەندین ناوچە ڕێگری لە دانیشتوانی كورد كرا، بگەڕێنەوە زێدی بابوباپیرانی خۆیان و لە پرۆسەی سەرژمێریدا خۆیان تۆمار بكەن.