لە شاری دهۆک، پڕۆژەی قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی 114 شەقام لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک گەیشتە قۆناغی قیرتاوکردن.
ئەو قۆناغەی پڕۆژەکە، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی هەر یەک لە گەڕەکەکانی (گژەبەرا، بەروشكێ، سەرهلدان، كانى مهمەدكێ، گەلى) لێی سوودمەند دەبن کە ئاسانکاریەکی زۆر باش دەبێت و چارەسەری ئاستەنگەکانی هاتوچۆی شۆفێران و هاووڵاتییانی ئەو سنوورەی شارەکە دەکات.
پێکهاتەی پڕۆژەکە بریتییە لە نۆژەنکردنەوە و دروستکردن و کۆنکرێتکردن و قیرتاوکردنی 114 شەقام بە درێژایی 12 کیلۆمەتر کە ئێستا ڕێژەی کارکردن تێیدا گەیشتووتە زیاتر لە 52٪ و کارکردنیش بە باشی بەڕێوە دەچێت.
گوژمەی پڕۆژەکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت و بە سەرپەرشتیی تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک جێبەجێ دەکرێت.