تیمی هەژماری من: کاری خێرا بۆ زیادکردنی سێ بانکی دیکەی ئەهلی دەکەین

 

تیمی ‘هەژماری من’ پێشوازیی لە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و کاری خێرا بۆ زیادکردنی سێ بانکی دیکەی ئەهلی لە نێو پرۆژەکەدا دەکات. 

سێشەممە، 19-11-2024، تیمی پرۆژەی ‘هەژماری من’  ڕاگەیاند: “پێشوازیی لەو بڕیارەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین کە ئاماژە بە هاوکاریکردنی بانکە تایبەتەکان بۆ بابەتی بە بانکیکردنی مووچە دەکات کەوا لە بەرژەوەندی سەرجەم هاووڵاتییانە و ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی ئابووریی عێڕاق و هەرێمی کوردستان تەواو گەشە بکات. ئێمە هەمیشە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی و دواهەمین ڕوونکردنەوەی دادگای فیدراڵی کارەکانمان لەگەڵ سەرجەم بانکەکاندا کردووە.”

تیمی پرۆژەی ‘هەژماری من’ جەختیش دەکاتەوە “بانکە ڕێگەپێدراوەکانی بانکی ناوەندی، چ بانکی حکوومەتی بن یان تایبەت، بەردەوام وردبینیان بۆ دەکرێت و پەیوەندییان لەگەڵ بانکە نێودەوڵەتییەکانی دیکە هەیە و دەتوانن گەشەی ئابووری درووست بکەن.”

ئاماژەی بەوەش کرد “دوابەدوای ئەم نووسراوە، تیمی ‘هەژماری من’ کارەکانی خێرا دەکات بۆ ئەوەی سێ بانکی دیکەی ئەهلی لە پاڵ ئەو بانکە حکوومەتی و ئەهلییانەی دیکە، بێنە ناو پرۆژەکە و باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی هاوڵاتییان بکەن.”

تیمی هەژماری من، لەو بڕوایەدایە کە ئەم نووسراوە دووپاتی ڕوونکردنەوەی دادگای فیدراڵی دەکات کە لە مانگی حەوتی ئەمساڵ دەرچوو و بە ڕۆشنایی ئەم پشتگیرییانەش، داوا لەو مووچەخۆرانە کە بەزووترین کات فۆرمەکانی بە بانکیکردنی مووچە لەڕێگەی هەژماری من پڕ بکەنەوە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ.