سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە “سەرژمێریی ئامرازێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیاریکردنی بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان” و داواش لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن و زانیاریی دروست بدەن.
سێشەممە، 19-11-2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی گوتارێکی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکاریی تیمەکانی سەرژمێریی بکەن، پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن، زانیاریی دروست بدەن و گوێ لە دەنگۆ ناڕاستەکان نەگرن.
سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد: “سەرژمێری تەنها چەند ژمارەیەک نین کە کەڵەکە دەبن، بەڵکوو هێڵی دابەشکەری نێوان پێشبینی و ڕاستییەکانە و ئامرازێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیاریکردنی بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان.”
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لەوەش کرد “سەرژمێری پایەی گەشەپێدان و پێشکەوتن و پێشکەوتنی کارگێڕی و خزمەتگوزارییە و پەیوەندی بە بابەتەکانی پەیوەست بە باج یان بیمەی کۆمەڵایەتی نییە.”
سوودانی جەختی لەوە کردەوە “باشترین ڕێگەی سەردەمیانەمان گرتووەتە بەر بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری بەشێوەیەکی ورد و زانستی و ئەلیکترۆنی بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی خزمەت بە ئێستا و داهاتووی عێراقییەکان بکات.”
ڕۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لەو دوو ڕۆژەدا ڕاگەیەندراوە.