دەستەی دادوەری وەڵامی تانەکانی سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە

دەستەی دادوەری هەڵبژاردن لە نووسراوێکدا بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وەڵامی سەرجەم تانەکانی سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە کە ژمارەیان 41 تانە بوو.

دەستەی دادوەری هەڵبژاردن لە نووسراوێکدا وەڵامی هەموو تانەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دایەوە،
لە نووسراوەکەدا، کە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نێردراوە هاتووە “ئاگادارتان دەکەینەوە کە دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەڵبژاردن، هەموو ئەو تانانەی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆی نێردراوە لە ماوەی یاسایی یکلایی کردووەتەوە.”
لە نووسراوەکەی دەستەی دادوەریدا ئەوەش هاتووە؛ “یەکلایی کردنەوە تانەکان بەپێی بڕگەکانی ماددەی (10/حەوتەم) لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە (31)ی ساڵی 2019 بووە.”
دوای ئەم هەنگاوەش ئەوەی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەک ڕێکاری یاسایی ماوە، پەسەند کردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە.
لە 2٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە بەشدارییەکی زۆری هاووڵاتیان بەڕێوەچوو، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی ڕاگەیاندووە و تا دوای یەکلایی کردنەوەی تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە، وا چاوەڕوان دەکرێت تا 1٠ ڕۆژی دیکە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە پەسەند دەکرێت.