هەڤپیڤین/ كامەران حاجی ئەلیاس
نووسەری بواری پەروەردە مامۆستا ئارام محەمەد عومەر ئەحمەد ناسراو بە (ئارام خەلیفانی) یەكێكە لەو نووسەرانەی كە لە رێگەی نووسینەكانیەوە خزمەتێكی بەرچاوی پەروەردە و فێركردنی كردووە، بە تایبەت لە بەشی فێرکردنی زمانی ئینگلیزیدا. ئەو دەرچووی بەشی زمانی كوردی، فاكەڵتی ئادابە لە زانكۆی سۆران و، تائێستا (10) كتێبی لەسەر پەروەردە و فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەچاپ گەیاندووە. لە نزیكەوە بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە:
* چی وای لێت كرد روو بكەیتە نووسین و وەرگێران؟
– هەستكردن بە كەموكووڕی لە بواری پەروەردە و فێركردن و، هەژاری لە فەرهەنگی كوردیدا و، هەروەها بەگەڕخستنی بەهرە و توانستەکەم لەم بوارەدا بۆ سوودگەیاندن بە نیشتمانەكەم و نەتەوەكەم، كە لای خودای گەورە تاوانبار نەبم؛ چونكە ئەگەر کەسێک بەهرە و توانستی هەبێ و، بەكاری نەهێنا بۆ بەرژەوەندیی گشتی، وەك ژەهری مار وایە.
* نووسین و وەرگێڕانەكانت زیاتر لە بواری فێركردن و پەروەردەیە؛ هەوڵت نەداوە، لە بوارەكانی تریشدا بنووسیت؟
– وەرگێڕان و نووسینەكانم هەم بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیە و هەمیش پەروەردەیە؛ لەهەوڵیشدام لە بوارەكانی تریش بنووسم، بە تایبەت لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی. چونكە مرۆڤی ڕۆشنبیر و تێگەیشتوو، ئەو كەسەیە لە هەموو شتێك، شتێك بزانێت لە شتێکیشدا هەموو شتێك بزانێت.
* چۆن دەڕوانیتە نووسەرانی بواری پەروەردە و فێركردندا لە كوردستان؛ ئایا لە ئاستی پێویستدان؟
– ئەوەی راستی بێت، لە هەموو كۆمەڵگایەك لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە؛ لەو وڵاتەی خۆیشمان بە هەمان شێوە؛ زۆر نووسەر و پسپۆڕی توانا و لێهاتوومان هەن كە دەتوانن گەشە بەپەروەردە و فێركردن بدەن لە وڵات. بەڵام بە داخەوە لەبەر نەبوونی لیژنەیەكی پاك و لێهاتوو لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ لێكۆلینەوە لە دەرچوونی سەرچاوەكە یان نەگونجانی سەرچاوەكە زۆر نووسەرمان هەن دەنوسن خۆیان نازانن چییان نووسیوە؛ خۆ مەرج نیە ئەوەی دەینووسیت دەربڕی ناخی خۆی بێت؛ جا ئێمە كاتمان دەوێت بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو.
* شێوازی خوێندن و پەروەردە لە كوردستان گۆرانكاری زۆری بەسەرداهاتووە، وەكو مامۆستاو نووسەرێك، ئاستی خوێندن لە كوردستان لە ئێستا چۆن دەبینیت؟
– ئەو شێوازەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنن، باشترین شێواز و سیستەمی پەروەردەیە، بەڵام بە داخەوە دەرفەتی گونجاو و كاتی پێویستی بۆ تەرخان نەكراوە و، وەك پێویست جێبەجێ ناكرێت؛ ئێستاکە لە قوتابخانە ئەركی مامۆستا لە قوتابی و بەڕێوەبەر گرانترە؛ هەبوونی مامۆستای ڕاهێنەر و لیژنەی دەرەكی بە پێویست نازانم بەڵكو سەرپەرشتیاری كارگێڕی و سەرپەرشتیاری پسپۆڕی بگەڕێتەوە؛ لە جیاتی مامۆستای ڕاهێنەر، سەرپەرشتیاری كارگێڕی خول بكاتەوە لە قوتابخانەكە و هەموو سەرپەرشتیاران شارەزایییان هەبێت لە میتۆدەكانی وانەوتنەوەدا.
* وەكو مامۆستایەك تایبەتمەندییەكانی مامۆستای سەركەوتوو چین؟
– لە یەكێك لە كتێبەكانم كە تایبەتە بە مامۆستای سەركەوتوو، بە ناوی (100 ئامۆژگاری بۆ مامۆستای سەركەوتوو لە گشت قۆناغەكاندا) لەرێگەی (15) خاڵەوە ئاماژەم بە مامۆستای سەركەوتوو داوە كە بریتین لە:
1.هانی قوتابیەكەت بدە كاتێك كارێكی چاك دەکات، ڕێگای زیاتری بۆ ڕۆشن بكەرەوە.
2.ڕێزی قوتابییەكەت بگرە، ئەگەر دەتەوێت ڕێزی تۆ بگرێت.
3.بە گفتوگۆ و دیالۆگ، قوتابی فێر بكە، كاتێك پێویستیەكی هەبوو داوا لە تۆ بكات، تۆش بۆی جێبەجێ بكە.
4.هاوار بەسەر قوتابیدا مەكە و بەسەریدا هەڵمەشاخە.
5.بە شتێك قوتابی مەترسێنە كە دەسەڵاتت بەسەردا نیە و ناتوانیت جێبەجێی بكەیت.
6.هەمیشە كاری ئاسان ڕێگای ئاسان و پرسیاری ئاسان ئاراستەی قوتابیەكەت بكە، خۆت لە شتی ئاڵۆز و گران بەدوور بگرە.
7.ڕێگا بۆ هاتنەپێشەوەی یەكە یەكەی قوتابیەكان خۆش بكە، هیچ كامێكیان پشتگوێ مەخە.
8.ڕقت لە كردەوەی ناشرین ببێتەوە نەك كەسەكە خۆی.
9.بە خۆشترین ناو بانگی قوتابییەكەت بكە.
10.لێبوردەییت زۆر بێت و سنوورێكی فراوان بۆ قوتابیەكەت دابین بكە، بۆ ئەوەی هەڵەكانی چاك بكاتەوە.
11.هەمیشە وا سەیری قوتابیەكەت بكە كە توانا و بەهێزە، بە گومانی خراپ سەیری مەكە.
12.قسەیەك بۆ قوتابیەكەت مەكە كە خۆت بە كردەوە نەتكردبێ، داوای فێربوونی شتێك لە قوتابی مەكە كە خۆت نایزانی.
13.بەردەوام خۆشەویستی و گرنگیپێدانی خۆت بۆ قوتابیان دووبارە بكەرەوە.
14.هەرگیز پشت لە ئامۆژگاریی قوتابیان مەكە، چونكە قوتابی لە ئاو زیاتر پێویستی بە ئامۆژگارییە.
15.بە سڵاوكردن و ڕووی خۆش، دەست بکە بە یەكەم چركەی دیدارت لەگەڵ قوتابیدا.
ناوی كتێبە چاپكراوەكانی نووسەر مامۆستا ئارام محەمەد:
– (فەرهەنگی ئایڵتس) چوارهەزار وشەی بنچینەیی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی و دەرچوون لە تاقیكردنەوەی ئایڵتس.
– كلیلی سەركەوتنەكانت لە تاقیكردنەوەی ئایڵتس.
– فەرهەنگی ئارام 3000 وشەی بنچینەیی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی.
– فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەبێ مامۆستا لە ماوەی مانگێكدا.
– (100) ئامۆژگاری بۆ مامۆستای سەركەوتوو.
– (100) یاری بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی.
– فێربوونی دوگمەكانی كیبۆردی كۆمپیوتەر.
– هونەری وەڵامدانەوە.
– دەنگەكانی زمانی ئینگلیزی.
– فەرهەنگی سەنڕایزی قوتابخانە.