مەشهەدانی و فارس عیسا تاوتوێی چارەی پرسەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەن

سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق پێشوازی لە سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکات و تاوتوێی چه‌ند پرسێكی هاوبه‌شیی نێوان حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

دووشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2024، مه‌حموود مه‌شهه‌دانی، سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق پێشوازی لە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ مه‌شهه‌دانی كرد و هیوای خواست لە ئەرکەکانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت.

هاوكات مه‌شهه‌دانی باسی لە میكانیزمه‌كانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوەکانی حكوومه‌تی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان کرد، بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و کێشەکانی پێشوو و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر خاڵە ناکۆکەکان لە چوارچێوەی یاسادا كه‌ ئه‌رك و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی حكوومه‌تی فدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی دیاری كردووه‌.

هه‌روه‌ها مەشهەدانی دووپاتی کردووه‌ته‌وه‌، په‌رله‌مان بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی ڕێککەوتنە یاساییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەک خزمەت بە هەموو عێراقییەکان بکات.