سلێمان تاشان – ههولێر
پڕۆسەی بەرێوەبردنی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنە و گازندە و ترس و دڵەڕاوکێیانەی هەن دەستی پێ کردووە و دواین زانیارییەکان لە ڕۆژانی بیست و بیست و یەکی مانگ وەردەگیرێن و هەموو ئەو زانیارییانەش دەبنە بنەمای دیموگرافیی شارەکان و بۆیەش داوا لە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکرێت بۆ ئەوەی خاوەندارێتییان لە خاک و زێدی ڕەسەنیان پارێزراو بێت بگەڕێنەوە و لەو سەرژمێرییە بەشداری بکەن.
وەک ئاشکرایە ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستی پێکرد و تا سەرەتای ئەم مانگە کۆتایی هات و لە هەرێمی کوردستانیش لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێ کردووە و پڕۆسەکە زۆر بەچڕی بەڕێوە دەچێت و کارمەندانی سەرژمێری لە گەڕەک و کۆڵانەکان دەسووڕێنەوە و زانیارییەکانیان تۆمار دەکەن و گرنگترین ڕۆژانیش بیست و بیست و یەکی مانگە و ئەوانەی بەشدار نەبن ئەوا زیان بە خۆیان و نەتەوەکەیان دەگەیەنن.
ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان مایەی ترس و نیگەرانی بووە و لە ماوەی چەند ڕۆژ و هەفتەی ڕابردووشدا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەت ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان داوە کە نیگەرانییەکانیان لە سنووری مادەی سەد و چل بۆ کەمترین ئاست کەم بکەنەوە. گرنگترین ڕێکار کە لە دەسەڵاتی هیچ کەسێکدا نییە و تەنیا لە دەستی هاووڵاتی خۆیدایە ئەوەیە لەو سەرژمێرییەدا بەشداری بکات و دانیشتووی ڕەسەنی هەر شوێنێکی کوردستانە بۆ ئەو شوێنە بگەڕێتەوە و لەوێ ناوی خۆی تۆمار بکات و پێشوازی لە تیمەکانی سەرژمێری بکات.
پێشبینی دەکرێ سەرووی نیو ملیۆن کوردی ناوچە کوردستانییەکان هەر ئێستا لە دەرەوەی ئەو ناوچانە لە هەولێر یان سلێمانی یان لە دەرەوەی وڵات و شوێنەکانی تر بژین، بەشی زۆری ئەو خەڵکە بە بێ ویستی خۆیان بە ناچاری ناوچەکانیان بەجێهێشتووە. بۆ نموونە بەهۆی تیرۆر سەدان هەزار ئێزدی ئاوارە بوون کە هێشتا دووسەد هەزار کەسیان لە هەرێمی کوردستانن، لە کەرکووکیش بە سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون کە باس لەوە دەکرێ لانی کەم سەد و پەنجا هەزار کەرکووکی هەر ئێستا لە هەرێمی کوردستانن و ئەگەر لە شارەکەی خۆیان لە سەرژمێریدا تۆمار نەکرێن کاریگەری نەرێنی لەسەر دیموگرافیای شارەکەیان دروست دەکەن.
رۆژی یەکشەممە حەڤدەی مانگی تشرینی دووەم جارێکی دیکە دڵزار حەمەساڵح بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بە پێویستی زانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و لەوێ ناویان لە سەرژمێری تۆمار بکەن.
ئەو داوای کرد خەڵک بڕۆنەوە شوێنەکانی خۆیان، چونکە لایەنە پێوەندیدارەکان ئاسانکاریی پێویستیان بۆیان کردوون، دۆخەکە وا دەخوازێت ئەم چەند ڕۆژە دان بەخۆیاندا بگرن بۆ ئەوەی مافی خۆیان و خاکەکەیان بپارێزن.
پێویسیتە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە كورد لە عێراقدا بەپێی دەستوور دووەم نەتەوەی سەرەکیی عێراقە و زۆرینەی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانیش كوردن، لە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ سەلمێنرا و لە هەڵبژاردنەکانیش ئەوە سەلمێنراوە کە زۆرینەیان کوردن بەڵام دیسان هیچ شتێک هێندەی سەرژمێری گرنگ نییە و وەک بەڵگە دەمێنێتەوە و بۆیە دۆخەکە ئەوە دەخوازێت خەڵک لەم سەرژمێرییەدا هەمان پێگە بۆ کورد بپارێزن و کەمتەرخەمی و گوێنەدان بەو پرسە زیان بە خەڵکەکە و دۆزی مێژوویی کورد دەگەیەنێت و سیاسەتی شۆڤێنیستەکان سەردەخات.
بەپێی ئەو هەنگاوانەی بۆ ڕەواندنەوەی دڵەراوکێ و نیگەرانییەکان نراون و بڕیارێك هەیە ئەوەی هاوردەیە لە هەرێم و ناوچە كوردستانییەكان، دوای سەرژمێری دۆسیەیان ببرێتەوە بۆ سەر پارێزگاكانی خۆیان بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە و باشترین گەرەنتی هەر ئەوەیە خەڵک بە گەرانەوە بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان و بەشداربوون لەو سەرژمێرییە هەر ئەو ڕۆژە کوردستانیبوونی ناوچەکەیان گەرەنتی بکەن.