دووشەممە, تشرینی دووه‌م 18, 2024

حکوومەتی هەرێم ڕێگەنادات سەرژمێری بۆ مەرامی سیاسی بەکاربهێنرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی سەرژمێری گشتی، حزبە کوردستانییەکان داوا دەکەن ھەر کوردێک بەھەر ھۆکارێک ناوچەکەی جێ ھێشتووە بگەڕێتەوە و لە شوێنەکەی خۆی تۆمار بکات، ئەگەرنا لە ھەموو ماف و ئیمتیازاتێک بێبەش دەبێت. حکوومەتی ھەرێم ھەموو ڕێگەیەکی گرتووەتەبەر و ڕێگەنادات سەرژمێری بۆ مەرامی سیاسی بەکاربھێنرێت. بەرپرسانی پارتی، دەڵێن، تیمی حزبی و حکومی لەلایەن پارتییەوە بۆ ھاوکاریکردنی ئەو خەڵکە دروست کراوە، کە بۆ سەرژمێریی دەگەڕێنەوە ناوچە کوردستانییەکان و پێداویستییەکانیان بۆ فەراھەم دەکەن.

بڕیارە لە ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانان بەڕێوە بچێت، ئەو سەرژمێرییە بۆ دامەزراندن و دابەشکردنی زەویش بەکاردەھێنرێت، ھەر کەسێک لە ٢٠ و ٢١ـی مانگ تۆمار نەکرا، ئەوە فایلی نابێت، لە ٢٢ـی مانگیش ناتوانێت ناوی خۆی تۆمار بکات.
ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق، لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو ١ـی تشرینی دووەم بەردەوام بوو، لە ھەرێمی کوردستانیش لە ١-١٠-٢٠٢٤ـەوە دەستیپێکرد.

حکوومەتی ھەرێم ھەموو ڕێگەیەکی گرتووەتەبەر
لە دەستووری عێراق یەکێک لە بنەماکان بۆ یەکلاکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان سەرژمێری دیاری کراوە، لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دەبوایە سەرژمێری کرابایە، بەڵام پاش ئاسایکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتییان، بێ ئێوەی ھیچ لەو قۆناغانە جێبەجێ بکرێن حکوومەتی عێراق دەیەوێت سەرژمێری بکرێت. بەگوتەی بەرپرسانی حکوومەت، ئەو سەرژمێرییە بۆ پەرەپێدانە و ھیچ پەیوەندییەکی بە یەکلاکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ نییە، تا ماددەکە جێبەجێ نەکرێت و دۆخەکە ئاسایی نەکرێتەوە ئەو سەرژمێرییە ھیچ کاریگەری لەسەر ماددەکە نابێت، لەو ٧٧ پرسیارەی لە ھاووڵاتییان دەکرێت، لەبارەی نەتەوە ھیچ پرسیارێکیان تێدا نییە، لای ھاووڵاتییان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانیش ترسێک ھەیە لە داھاتوودا ئەو سەرژمێرییە بۆ مەرامی سیاسی بەکاربھێنرێت، حکوومەتی ھەرێم ھەموو ڕێگەیەکی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی سەرژمێری بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەھێنرێت.

داواکاری پارتی لە ھاووڵاتییان
سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە سنووری ماددەی ١٤٠ لەو بڕوایەدان دەبووایە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ کرابایە ئەو کات سەرژمێری گشتی کرابایە، بەبێ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە ئەنجامدانی سەرژمێری بە مەترسی دەزانن. محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: داوا لە ھاووڵاتییان دەکەم بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان کە بەھۆی داعش و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئاوارە بوون بۆ ڕۆژانی سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، داوامان لە حکوومەتی ھەرێم کرد ھاوکاری ئەو خەڵکە بکات، بە تاکیش، نەک ھەر بە خێزان، واتە چەند کەسن، جیاواز بێت، ھاوکاری بکرێن بۆ ئەوەی خەڵکەکە بتوانێت بگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئەوەی پێویست بووە بۆ پرۆسەکە دابینی کردووە.

لە ھەموو ماف و ئیمتیازاتێک بێبەش دەبن
جیھاد مامند، شارەزا لە بواری سەرژمێری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: زۆر گرنگە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی کوردی کەرکووک ئەوانەی لە دەرەوەی شارن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان، بۆ ئەوەی وەکو کوردی ئەو ناوچانە ھەژمار بکرێن، چونکە خۆی دوو ڕۆژە و دەتوانن بگەڕێنەوە، ئەگەر بۆ سەردانیکردنی خزم و دۆستانی خۆشیان بێت، لەبەر ئەوەی ھێندە قورس نییە و ئەوەی منیش ئاگادارم خەڵکی دەرەوەی شاری کەرکووک و ئەوانەی بە ڕەسەن کەرکووکین، خۆیان ناونووس کردووە و بۆ سەرژمێری دەگەڕێنەوە و بەشداری لە پرۆسەکەشدا دەکەن.
مامند، دەشڵێ: لە دامەزراندنی حکوومەتی عێراقەوە تا ئێستا، ھەوڵ دراوە ڕێژەی دانیشتووانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان کەم بکرێتەوە، بۆیە گرنگە لە سەرژمێریدا بەشدار بن و ھەمووان بگەڕێنەوە، چونکە ئەگەر لە ناوچەکانی خۆت سەرژمێری نەکەی و ناسنامەیەکی ئەو ناوچانەت پێ نەبێت چۆن لە داھاتوودا داوای زەوی و ئیمتیازات دەکەی، بۆیە ئەو سەرژمێرییە بۆ داھاتووی خۆیان زۆر گرنگە، کەرکووکییەکانیش ھەمیشە پێشەنگ بوونە لە قوربانیدان لە پێناو کوردستانیبوونی ئەو شارە.

دەبێت حکوومەتی ھەرێم ئەو کارە بکات
بەگوتەی شارەزایانی ئەو بوارە، دەبێت حکوومەتی ھەرێم تیمێکی چاودێری لە ناوچە کوردستانییەکان دابنێت، بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەک دروست بوو و چارە نەکرا سەرژمێری قەبوول نەکات، چونکە کورد زۆر داوای کرد سەرژمێری لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ نەکرێت، یاخود دوا بخرێت، بەڵام داواکاری کورد لەبەرچاو نەگیرا، مادەم پرۆسەکە ھەر ئەنجام دەدرێت دەبێت حکوومەتی عێراق ڕێگە نەدات بچووکترین کێشە ڕوو بدات و پرۆسەکە بە سیاسی نەکرێت، لە ھەمان کاتدا دەبێت حزبە کوردستانییەکانی دیکە وەکو پارتی ھانی خەڵک بدەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و لەوێ سەرژمێری بکەن، چونکە ئەو سەرژمێرییە لە ھەموو پرۆسەیەک کە لە عێراق ئەنجام دەدرێت گرنگترە، چونکە ئەوە دەبێتە دیکۆمێنت و وەکو ھی ساڵی ١٩٥٧ دەمێنێتەوە.