کوردستان لە نێوان؛ مەرجە نیشتیمانییەکانی پارتی و چاوچنۆکی و بەرژەوەندیی حزبیدا

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە ببوو بە مەتەڵی هەڵنەهێنراو لە نێو گەمەی سیاسی و داخوازیی جۆراوجۆری لایەنەکان بۆ ڕازیبوونیان بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە خەریکبوو دەبوو بە بەستەڵەکی نەتواوە و دواجار بە ئیرادەی بەرزی نەتەوەیی و قوربانیدانی پارتی بە مەرجەکانی خۆی ، هەڵبژاردنەکە بەوپەڕی سەرکەوتوویی کرا و ئەنجامەکانیشی بێ گرفتێکی ئەوتۆ ڕاگەیەندرا.

کوردستان دوای هەڵبژاردن

دوای هەڵبژاردنی٢٠ ی ئۆکتۆبەر، کوردستان بە کەشێکی جیاوازدا تێپەڕی. لەلایەک پرتەوبۆڵەی ئەو لایەنانەی شکستیان هێنا و لەلایەکی دیکەش چاوی میدیا جیهانییەکان کەوتەوە سەر کوردستان و بە گرنگییەوە لە بەهای هەڵبژاردنەکە و کەشی ئارام و چاوەڕواننەکراوەکەی هەڵبژاردنیان ڕوانی و بۆ هەموولایەک سەلمێندرا ئیرادە و خواستێکی گەورەتر لەسەرووی بەرژەوەندیو ململانێی حزبییەوە لەم هەرێمە هەیە و بە گەرمیش پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە کرا. خاڵێکی تر کە جێی سەرنجی چاودێرانی سیاسییە، یەکەمجار بوو لە کوردستان هەڵبژاردنێک لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنێک بکرێت کە لەدەرەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە بوو. کە ئەمە وا لێکدەدرایەوە پارتی کە حزبی حاکمە نەچێتە ژێرباری هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی، بەڵام بە پێچەوانەی ویستی ئەوانەوە، سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی ڕێزەوە ە هەوڵەکانی کۆمیسیۆنیان ڕوانی و دەستخۆشیی شایستەیان لێکردن. هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنە بە دۆخێکی ئاساییدا تێدەپەڕێ، ئەگەرچی هەست بە گرژییەک دەکرێت کە تا ڕادەیەک درێژکراوەی دروشمەکانی هەڵبژاردنە، بە بڕوای چاودێرانی سیاسیی ئەگەرچی حاڵەتێکی ناتەندروستە مانەوەی نەفەسی بانگەشە لە قۆناغی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینە، بەڵام بەو ڕادە ترسناکەی نابینن هەوڵەکان بێ بەرهەم بن بۆ دانووستاندن.

سەرژمێری

یەکێک لە گرفتەکانی قۆناغی دوای هەڵبژاردن کە سستییەکی لە بابەتی دانوستاندن و جموجۆڵە سیاسییەکان دروستکرد بۆ پێکهێنانی حکوومەت، سەرژمێرییەکی بڕیارلێدراوبوو. کە دوا قۆناغی سەرژمێرییەکە لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگەدا دەکرێت. سەرژمێریی ئەگەرچی هیچ ڕەهەندێکی سیاسی و مۆرکێکی سیاسی پێوە دیار نییە و کاریگەریی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت نییە و ئەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەری کۆکن ئەوەیە هاووڵاتیان بەشداربن و هەوڵەکانیشیان لە پێناوی ئەوەیە کوردانی ناوچە کورفستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ لە ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە کاریگەریی هەبووە لە دەستپێکردنی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان . بە بڕوای چاودێرانیش کاریگەریی سەرژمێری تا ڕادەیەک ئیجابی بووە لە لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان بەو پێیەی هاودەنگی و هاوهەڵوێستییەک بە لایەنەکانەوە دیارە لەم پرسەدا و لە ئاستی باڵاش نەبێت لایەنەکانی کۆ کردووەتەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکانیش ئەوەی بەبیر لایەنە سیاسییەکان هێناوەتەوە کە دواجار بەرژەوەندییەکانی کورد لە عێراق وابەستەی یەک پرسە ئەویش کورد بوون و سەنگ و پێگە و ژمارەی کوردە.

شێوازی کلاسیکانەی پێکهێنانی حکوومەت

لە هەرێمی کورستان ئەزموونی پێکهێنانی کابینەکان تا ئێستا شێوازێک بووە تیایدا حزبی براوە کە هەمیشە پارتی بووە، لەپێناو پتەو بوونی یەکڕیزی و لێکنەترازانی ناوخۆیی هەمووکات هەوڵیداوە بەخشندە بێت و لایەنی گەورە و بچووک لە حکوومەتە جیاوازەکاندا جێ بکاتەوە، کە تا ئێستا ئەو سیاسەتە دیارە بە وتە و لێدوانی بەرپرسانی پارتیەوە. بەڵام ئەنجامی خراپی هەندێک لایەن لە هەڵبژاردنەکە نیگەرانی کردوون و وا بڕیارە بەشدار نەبن لە کابینەی داهاتوو. ئەمەش پێدەچێت کاریگەریی لەسەر شێوازی پێکهێنانی حکوومەتی ئەمجارە هەبێت و تەنیا لایەنی گەورە خۆی لە ئەرکی بەشداریکردنی حکوومەت بدات. بە بڕوای بەشێک لە چاودێران، ئەزموونێکی نوێ چاوەڕێی هەرێمی کوردستان دەکات، کە تیایدا چیتر جێگای ناکۆکی وململانێی تەسکی حزبی نابێتەوە ئەگەر پێکهێنانی حکوومەت تەنیا پارتی و لایەنی دووەم یا سێیەم تێیدا بەشدار بن، چونکە دەبێتە حکوومەتێک بەرپرسیارێتی تێیدا بە متمانەوە هەڵبگیرێت و ڕاکردن لە هیچ بەرپرسیارێتییەک نامێنێتەوە. چونکە پێشتر بەهۆی زۆی لایەنە سیاسییەکانی حکوومەتەوە ئەوە شاردرابوووەوە چ لایەنێک ئۆپۆزسیۆنە و چ لایەنێک بەشدارە لە بڕیاردان و بەرپرسیارێتیی حکوومی. تەنانەت یەکێتی کە هاوبەشی سەرەکی حکوومەتەکان بووە لەگەڵ پارتی لە هەلومەرجە سەختەکان وەک ئۆپۆزسیۆن مامەڵەی لەگەڵ حکوومەتدا کردووە.

کوردستان بەرەو کام ئاراستە ؟

ئەوەی تا ئێستا ئاشکرا بووە و بە لێدوان و بیردکەنەوەی حزبە سیاسییەکانەوە دیارە، دوو ئاراستە بە زەقی دەردەکەوێت. ئاراستەیەکیان کە خواستی خەڵک و بەرژەوەندیی گشتییە و لەوەدایە پێکهێنانی حکوومەتی ئەمجارە لەسەر بنەمای نیشتیمانی بێت و هەوڵی تێپەڕاندنی قۆناغی چاوچنۆکی سیاسی و بەرژەوەندی حزبی بدرێت، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئاراستەکەی گرتووە و کوردستانی سەرتاسەری و بەهێز و یەک پەرلەمان و حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگەی کردووەتە مەرج بەسەر ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری پێکهێنانی کابینەی دەیەم بکەن. ئاراستەیەکی دیکەش هەمان ئەو ئاراستەیە کە پێشتر لای حزبەکان مۆدێل بووە و مەرجیان زۆرترین پشک و زۆرترین پۆستی سیادییە بۆ بەشداریکردن. بە بڕوای چاودێرانی سیاسیی ئاراستەی بەرژەوەندی حزبی و پشکپشکێنە بە هیچ شێوەیەک لە خزمەتی قۆناغەکە و هەرێمی کوردستان نییە و ئیستحقاقی هەڵبژاردن هیچ مەرجێک قبوڵ ناکات و پێویست ناکات لە بەرامبەر داواکاریی زیادە و بەرژەوەندی زیادەی حزبی هەوڵی دواخستن و خۆدزینەوە بدرێت لە پێکهێنانی حکوومەتی نوی، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان دووچاری نەهامەتی و کێشەگەلی دەستووری هاتووە لەژێر ڕکێفی عێراق. پارتی مەرجە نیشتیمانییەکانی خۆی لە دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەری وڵاتان و ڕای گشتی و حزب و لایەنەکان نەشاردووەتەوە و مەرجەکانی بەجۆرێک لە جۆرەکان ئیحراجییەکی نەتەوەیی و سیاسیی بەسەر ئەو لایەنانەدا هێناوە کە تەنیا ویستیان پۆست و پشکێکی زیاترە لە بەرامبەر داواکارییەکانی پارتی کە داوای ڕەوای هەموو خەڵکی کوردستانە.