بە سەرپەرشتی پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی پارێزگا بەڕێوە چوو

 

ئەمشەو یەکشەممە 2024.11.17، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆکى دادگاى هەولێر و نوێنەرى سەرۆکى داواکارى گشتیى و جێگران و یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقام و بەرپرسانى دیکە هێزە ئەمنیەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی پارێزگا، تایبەت بە ئامادەکاری ئیداری و ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بەڕێوەچوو.

لە تەوەرى یەکەمى کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە گرتنەبەرى ڕێوشوێنى تایبەت بە ڕۆژانى قەدەغەى هاتووچۆ لە 20 و 21ى ئەم مانگە، دواى بە دواداچوون بۆ ئەرک و کارەکانى لیژنەى ناوبراو، کۆبوونەوە بە پێى ئەو دەسەڵاتەى لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان دراوەتە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، میکانیزمی پێویستى بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ و هاوکاریکردنی تیمەکانی سەرژمێری بۆ ئەوەی کارەکانیان بە دروستی ئەنجام بدەن وەرگرت، پاشان دواى تاووتوێکردنی ئامادەكارییە ئەمنیەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، گفتوگۆ لە بارەى پێداویستى و چۆنییەتیی دابەشکارى ئەرک و کارى لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا و جەخت لە بەرێوەچونی سەرژمێریەکی سەرکەوتوو و پێشەنگ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کرایەوە.

لە تەوەرى دووەمى کۆبونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە بنبڕکردن و نەهێڵانى هەندێک دیارەدەى ناشارستانى و دوور لە ئادابى گشتیى، کۆبوونەوە دواى هەڵسەنگاندنى بۆ پرسەکە، دەستخۆشى لە دەزگا ئەمنیەکان و لایەنى پەیوەندیدارکان کرد بۆ گرتنبەرى ڕێوشوێنى پێویست لە ماوەى ڕابردوودا، هەروەها تەئکید لە بەردەوامیدان بەئیجرائات وەرگرتن لە سەرپێچیکاران کرایەوە و بڕیاردرا لە دوای پرۆسەی سەرژمێری هەڵمەتەکان چڕتر بکرێنەوە و بەرخوردێکی یاسایی و ڕێکاریی یاسایی توند بەرامبەریان بگیرێتەبەر ، لەوبارەیەشەوە دامەزراوەکانى دادوەرى هەموو هەماهەنگى و هاوکاریەکى خۆیان بۆ پارێزگاى هەولێر دووپاتکردەوە.