ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا- کوردستان: ئەگەر بە خانووێکیش بێت بەشداریی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر دەکەین

شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا-کوردستان دەچنە قەڵای هەولێر و سەرسامیی خۆیان بە مێژووی قەڵاکە نیشان دەدەن، بەڵێنی ئەوەش دەدەن ئەگەر بە نۆژەنکردنەوەی خانووێکیش بێت، بەشداربن لە نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە.

یەکشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2024، شاندی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا- کوردستان بە سەرۆکایەتی دەیڤد تایفوری، سەردانی قەڵای مێژوویی هەولێرییان کرد و لەلایەن فەلاح حەسەن کۆمسیۆنی باڵای بووژانەوەی قەڵای هەولێر پێشوازییان لێکرا، پاش ئەوەی تەواوی قەڵاکەیان بینی و بەمێژووی دووری ئاشنا بوون کە ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری زۆر باشی بۆ نۆژەنکردنەوەی کردووە و پرۆژەکان تێیدا بەردەوامن و بڕیارە لە مانگی ئاداردا قەڵاکە و پرۆژەکانی بەڕووی هاووڵاتییان بکرێتەوە بەبۆنەی جەژنی نەورۆز.

فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بووژانەوەی قەڵای هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: شاندی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا- کوردستان بەڵێنیان داوە بەشداریی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بکەن ئەگەر بە نۆژەنکردنەوەی تەنها خانووێکیش بێت، هەوڵدەدەن کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان بەشداریی ئەو پرۆسەیە بکەن.

یەکشەممە، 17-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا ـــ کوردستان ( USKBC) کرد، کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان پێک هاتبوو.

لە کۆبوونەوەدا “سەرۆکی حکوومەت باسی لە گرنگيی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد کە وەستانی، زیانی چەندین ملیار دۆلاری لە بودجەی گشتیی داوە و پێویستە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.”