ئومێد خۆشناو: هەڵمەتێکی چڕ دوای سەرژمێری بۆ ڕێگریی لە ماددەی هۆشبەر دەستپێدەکات

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا داوای لە هاووڵاتییانی سنووری ماددەی 140 کرد بەر لە ڕۆژی سەرژمێریی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان چونکە پرۆسەیەکی چارەنووسسازە، داوای لە هاووڵاتییانی هەولێریش کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە تا سەرژمێریی تەواو دەبێت، ڕاشیگەیاند: دوای سەرژمێریی، دوای پرۆسەی سەرژمێریی، هەڵمەتێکی چڕ بۆ نەهێشتن و ڕێگریی لە ماددەی هۆشبەر دەستپێدەکات، سەرباری نەهێشتنی چەند دیاردەیەکی دیکە کە بوونەتە هۆی بێزاریی هاووڵاتییان.

یەکشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، ڕێکارەکانی ڕۆژانی قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند کە ڕۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەمی 2024 دەبن، داوای کرد، خەڵکی ناوچەکانی ماددەی 140 بچنەوە زێدی خۆیان و بەشداریی لە پرۆسەکە بکەن چونکە پرۆسەیەکی چارەنووسسازە، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەک ناسنامە و ڕەگەزنامەیان پێ بێت، ئەوانەشی کە کەسێکیان لە سەفەرە، بەڵگەنامەیەکیان لای خانەوادەکانیان هەبێت بۆ پرۆسەی سەرژمێری، داواشی کرد هاووڵاتییان لە ڕۆژی قەدەغەی هاتوچۆ لەنێو ماڵەکانیان بن، فڕۆکەخانە و دەروازەکان کراوە دەبن لەگەڵ نانەواخەکان ، بەپێی پێویستیش رێستورانتەکان، رۆژنامەنووسان ڕێگەپێدراو دەبن و ئاسانکارییان بۆ دەکرێت بۆ ڕووماڵکردنی پرۆسەکە، کێلگە پەلەوەرییەکان کاریان سنووردار دەبێت، سکیوریتی کۆمپانیا و دامەزراوەکان هاتوچۆیان ئاسایی دەبێت.

پارێزگاری هەولێر گوتی: لە بازگەکان لێپیچوونەوە دەکرێت لە جووڵەی نێوان شارەکان کە لەو ڕۆژانەدا سنووردار دەکرێت تەنها بۆ حاڵەتی زۆر زەروور نەبێت.

دەربارەی کۆبوونەوەی لێژنەی ئەمنی، ئومێد خۆشناو ئاشکرای کرد،  پرسی ڕێگریی لە ماددەی هۆشبەر لە کۆبوونەوەکەگفتوگۆی لەبارەوە کراوە لەگەڵ ئەو ڕێکارانەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە ئاسایش گرتوویەتییە بەر ، پشتیوانی زیاتریان بۆ دووپات کراوەتەوە لەگەڵ توندترکردنی ڕێکارەکانی ڕێگریی لە ماددەی هۆشبەر، ئومێد خۆشناو دەڵێت: دوای پرۆسەی سەرژمێری هەڵمەتێک زۆر بە چڕی بۆ ڕێگریی لە ماددەی هۆشبەر دەستپێدەکات، لەو کۆبوونەوەیەدا جگە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرۆکی دادگای هەولێر و داواکاری گشتی بەشداربوون بۆ ئەوەی بەرخوردێکی یاسایی لەگەڵ سەرپێچیکاران بکرێت لەسەر پرسی ماددەی هۆشبەر و ڕێکاریی یاسایی توند بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتە بەر.

ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: هەڵمەتەکە نەهێشتنی دیاردەی سواڵکردن و دەستگێڕەکانی ترافیک لایتەکان و فاڵگرەوەکان و ماتۆر و ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و ئەوانەی لەسەر شەقامەکان خواردنەوە بە بەرچاوی خەڵکەوە دەخۆنەوە، دەگرێتەوە