لێژنەی باڵای ئەمنی ئامادەکاریی ئیداری و ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دەکات

لێژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە ئامادەکاری ئیداری و ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوە چوو.

ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2024، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ و نوێنەری وەزارەتی پلاندانان، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە ئامادەکاریی ئیداری و ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بایەخ و گرنگی پرۆسەی سەرژمێری گشتی کرا و هانی هاووڵاتیان درا کە بە ئامادەبوون لە ماڵەوە ،بە ڕاستی و دروستی داتاکانی خۆیان لەو پرۆسەیە تۆمار بکەن، ئەوەی پەیوەندی بە هاونیشتیمانیانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە کە بە ناوچەکانی ماددەی 140 ناسراون، کۆبوونەوە هانی هاووڵاتیانی دا، ئەوانەی دەتوانن شوێنی مانەوە دابین بکەن، لە ئەمڕۆوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی 17 تا 19ی تشرینی دووەم تۆمار بکرێن و لە ڕۆژانی 20-21 ی تشرینی دووەمیش داتاکانیان پشت ڕاست بکرێتەوە و لەو ناوچانە کە زێدی خۆیان و باب و باپیریانە، تۆمار بکرێن.