‘هه‌ژماری من’ بنیاتنانی ئابووریی نیشتمانه‌ و دژایەتیکردنی گەمەی حزبی و شەخسییە

 

چواس خالید – هەولێر

له‌ ٧ی ئاداری ٢٠٢٣، وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاوی تاقیكاری، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی منداڵبوون و ئافره‌تانی هه‌ولێر، پڕۆژه‌ی ‘هه‌ژماری من’ی ڕاگه‌یاند.

‘هه‌ژماری من’، كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی گرنگی سه‌رده‌میانه‌ی پێشكه‌تووه‌، سوده‌كانی یه‌ك و دوو نین، زۆرێك له‌ ئه‌رك و مه‌وداكان كورت ده‌كاته‌وه‌، ڕاگری نه‌به‌زێندراوی به‌رده‌م سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و ئامرازێكی ڕشته‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌رچاوڕوونی و شه‌فافیه‌تی ته‌واوه‌تی فه‌راهه‌م ده‌هێنێت و هتد…،.
دوای ڕاگه‌یاندنی پڕۆژه‌ی ‘هه‌ژماری من’، ناحه‌زانی ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان دژی پڕۆژه‌كه‌ كه‌وتنه‌ جوڵه‌، ئه‌وان كه‌ چاویان به‌ ئاوه‌دانی و پێكه‌وه‌ژیانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵنایه‌ت و مه‌به‌ستیانه‌ له‌ پێی بخه‌ن، دژایه‌تیكردن و وه‌گه‌ڕخستنی مه‌كینه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كانیان بۆ به‌لاڕێدابردن و سه‌رلێشێواندنی تاكی كورد ده‌ستپێكرد، دژایه‌تی پڕۆژه‌ی ‘هه‌ژماری من’یشیان خسته‌ نێو ئه‌و پیلانانه‌ی بۆ لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان دایانڕشتووه‌.
له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ند حزب و ڕه‌وت، سواری شه‌پۆلی دژایه‌تی بوونه‌ و ناكۆكی و به‌رژه‌وه‌ندخوازیان له‌ ڕاكردنیان به‌دوای ده‌ستكه‌وته‌وه‌، وه‌ك پارێزه‌ری بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی عێراق خۆیان ده‌ناسێنن، به‌ چه‌واشه‌كردن و هه‌واڵی ناڕاستی بێبنه‌مای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ‘هه‌ژماری من’دا حكوومه‌تی هه‌رێمی پاره‌ گلده‌داته‌وه‌ و قه‌رزی كاره‌با و ئاو ده‌گێڕێته‌وه‌ و هتد…، پێویسته‌ به‌ ته‌وتین ڕاسته‌وخۆ بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر عێراقی فیدڕاڵ.

چی له‌ پشت ئه‌و داواكارییه‌ ژه‌هراوییه‌ هه‌یه‌؟
نه‌یارانی كورد و ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام له‌ بۆسه‌دان بۆ له‌پێی خستنی هه‌رێمی كوردستان، شه‌یتانانه‌ ئه‌جنداكانیان به‌ پیشاندانی گوایه‌ سودی گشتی و ده‌ستكه‌وتی كه‌سی و باشتركردنی دۆخی هاووڵاتیان په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن، بۆ سه‌لاماندن و ده‌رخستنی پیلانی ژه‌هراوی پشت ناشرینكردنی ‘هه‌ژماری من’، با له‌ ته‌وتین وردبینه‌وه‌.
به‌ كورتی و ساده‌یی، حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ به‌ره‌و په‌یڕه‌وكردنی گه‌مه‌ی سه‌رمایه‌داری، (نه‌هێشتنی پاره‌ی كاش و خستنه‌ بازاڕی ژماره‌) هه‌نگاو ده‌نێت، واتا ئه‌گه‌ر ته‌وتین به‌و شێوه‌ فریوده‌رانه‌ و كلاسیكه‌ی ئێستا به‌ ناردن و ڕاكێشانی پاره‌ له‌ ڕێگه‌ی ئامێره‌كانی ‘ئای تی ئێم’ه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌و كات ده‌كرێت بگوترێت تۆی فه‌رمانبه‌ر سه‌رپشكی له‌ ‘هه‌ژماری من’ی هه‌رێمی كوردستان و ‘ته‌وتین’ی عێراقی فیدڕاڵ، له‌كاتێكدا خزمه‌تگوزارییه‌كانی ‘هه‌ژماری من’ چه‌ند به‌رانبه‌ر و پێشكه‌وتووترن له‌ بانكه‌ فیدڕاڵییه‌كان.
به‌ڵام ناردنی پاره‌ی كاش هه‌ر چه‌ند ساڵێكی دی درێژه‌ ده‌كێشێت و ئه‌وكات له‌ ناوه‌نده‌وه‌ هیچ پاره‌یه‌ك نانێردرێته‌ هه‌رێمی كوردستان و تۆی فه‌رمانبه‌ر ڕایبكێشی، به‌ڵكو ته‌نیا ژماره‌ ده‌نێردرێت، به‌وه‌ش پاره‌ كاشه‌كه‌ی تۆ له‌ به‌غداد ده‌مێنێته‌وه‌ و هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك نایه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م جیهانییه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ی ئه‌مڕۆ، كه‌ پاره‌ ڕۆڵی سه‌ره‌كی له‌ هه‌موو كایه‌كانی ژیان ده‌گێڕێت، هه‌ر له‌ لوتكه‌ی هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ تا شۆڕده‌بێته‌وه‌ بۆ خواری خواره‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان بێ پاره‌ی كاش بێت و مووچه‌خۆرانی به‌ ژماره‌ بێده‌نگ بكرێت و چیدی ناچار نه‌بێت پاره‌ی كاش بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ و به‌جێبه‌جێكردنی چه‌ند هه‌نگاوێكی پێویست، پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌هێزتر و به‌هێزتری ده‌كات.
فەرمانبەران کە لەو بارەیەوە قسەیان بۆ “هەولێر” کردووە دەڵێن؛ خۆتۆماركردنمان له‌ ‘هه‌ژماری من’ ئه‌ركێكی نیشتمانی و ئه‌خلاقی و ئینسانییه‌، به‌وه‌ی لاوازبوونی هه‌رێمی كوردستان به‌رانبه‌ر به‌ وڵاتانی نه‌یاری، ڕێخۆشكه‌ره‌ بۆ كه‌وتنی و ملكه‌چكردنییه‌تی، كه‌ خوێنی هه‌زاره‌ها ڕۆڵه‌ی بۆ به‌ختكراوه‌ و بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی جارێكی دی، خوێنی سه‌دان هه‌زار ڕۆڵه‌ی دیكه‌ ده‌خوازێت.
كاتێك كه‌ ئه‌جنداكانی پشت پڕوپاگه‌نده‌ی له‌مه‌ڕ “هه‌ژماری من” و “ته‌وتین” ڕوون و ئاشكران، دژیه‌تیكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ناوخۆ جێگه‌ی هه‌ڵوێسته‌كردنه‌.
جیا له‌ دروستكردنی گرفت له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆسه‌ی هه‌ژماری من له‌ سنووری سلێمانی و هه‌وڵدان بۆ ڕاكێشانی بانكه‌ فیدڕاڵییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆمان بانكمان نه‌بێت.
لە سەرەتای ڕاگەیاندنی پرۆژەکەدا هەندێک دەنگی ناساز گومانی زۆریان خستە سەر پرۆژەکە، بەلام دواتر پرۆژەکە لە ڕێگای تۆڕێکی ئۆنلاینەوە کە هەموو کەس دەتوانێت سەردانی بکات ڕوونکردنەوەی تەواوی خستە بەرچاو و هەر لەوێسدا وەڵامی هەموو پرسیارەکان سەبارەت بەو پرۆژەیە دەستدەکەوێت و هیچ بوارێکی بۆ بەردەوامیدان بەو گومانانە نەهێشتەوە.