ڕائیب جادر – هەولێر
دوای ٢٧ ساڵ پڕۆسەی سەرژمێری لە عێراق ئەنجام دەدرێتەوە، پرۆسەیەک کە بۆ کورد، کەرکووک و ناسنامەکەی گرنگی خۆی ھەیە، پارتی داوا دەکات ھاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکان کە لە ھەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکە دەژین بگەڕێنەوە و سەرژمێری لە شارەکەی خۆیان بکەن. ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتی لە خانەقین، دەڵێت: ڕێگە نادەین سەرژمێری ببێتە جێگرەوەی ماددەی ١٤٠.
بڕیارە ڕۆژی ٢٠ـی ئەم مانگە سەرژمێریی گشتی لە عێراق، ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان بکرێت. بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ دەگاتە ٥١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس.
ئەوەی پرۆسەکەی ئالۆزکردووە تەعریبی ھەشت ساڵی ڕابردووە، چونکە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٦٥ ھەزار خێزانی عەرەب ھێنراونەتە کەرکووک و شەش گەڕەکی نوێی عەرەب نشین لە کەرکووک دروست کراون و دانیشتووانەکەی لە پارێزگاکانی دیالە، نەینەوا و سەلاحەدین ھاتوون و لەو گەڕەکانە نیشتەجێ بوونە، فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتمانییان گواستۆتەوە سەر کەرکووک.
حکوومەتی ھەرێم ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتیانی ماددەی ١٤ کرد
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێرییەوە، ٩ ڕۆژ پشووی بۆ فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی و سەربازیی، ھەروەھا بۆ قوتابییانی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن کە دانیشتووانی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ـن ڕاگەیاند، لە ڕۆژی ١٥ی مانگەوە کراوەتە پشوو تاوەکو ٢٣ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، ھەروەھا لە بڕیارەکەدا ھاتووە، ڕێکخراو، کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، پێویستە کارئاسانی بکەن بۆ کارمەندەکانیان کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ـن، بۆ ئامادەنەبوون لە ھەمان ماوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشدار بن لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی.
گرنگی پرۆسەی سەرژمێری بۆ ناوچە کوردستانییەکان
گرنگی سەرژمێری و بەشداریکردنی کورد، چاودێری کردنی پرۆسەکە و پاراستنی دیموگرافیای خانەقین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی حزبە کوردستانییەکانی ئەو شارە بوون. مەرجی کورد لەو ناوچانە ئەوەیە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ بکرێتە بنەما بۆ تەواوی بابەتەکان لە ئێستا و داھاتوودا. ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتی لە خانەقین، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە دوای نسکۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، تەعریب لەو ناوچانە بەردەوامە بەتایبەتی لە سنووری ھەر دوو ناحیەی قۆڕەتوو و مەیدان، لەگەڵ سەرجەم گوندەکانی کە ئێستا زۆربەیان چۆڵ بوونە و خەڵکەکەی لە شوێنەکانی دیکە دەژین.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتی لە خانەقین، جەختی لەوەکردەوە: لە دوای دروستبوونی شەڕی داعش و خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر خەڵکێکی زۆری ئێمە لە خانەقین، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەبە، جەباری و مەندەلی دەربەدەر و ئاوارە بوونە و لە شوێنەکانی دیکە دەژین، ئەمەش بەھۆی نەبوونی ئەمنییەت و پەلاماردانی ناوچەکانی ئێمەیە، داوا لەو ھاووڵاتییانە دەکەین کە ئاوارە بوونە بۆ ڕۆژی سەرژمێری بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ئەوەی لە پرۆسەی سەرژمێری بەشدار بن و ئەو مەترسییەی کە ھەمانە بڕەوێتەوە و کوردستانی بوونی ئەو ناوچانە دووبارە بسەلمێنینەوە.
ترسی کورد لەسەرژمێری
پارتی یەکەم ھێزی سیاسیی بوو لە کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دیکە ھەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و وتی ئەنجامدانی بەو شێوەیە دەبێتە مەترسی جددی لەسەر کۆی ناوچە دابڕاوەکان، بە ھەموو ھێزە سیاسییەکانی گوت پێکەوە با فشار لەسەر بەغدا بکەین، بۆ ئەوەی بەو ئالیەتەی کە دانراوە سەرژمێری نەکرێت. ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ـی پارتی لە خانەقین، گوتی: ئەگەر سەرژمێری بە مەبەستی گەشەپێدان بێت، ئێمە لە گەڵین، بەڵام لە عێراقێک کە ٢٧ ساڵە سەرژمێری نەکراوە ئەمڕۆ سەرژمێری دەکرێت، مەترسیمان ھەیە ئەو سەرژمێریە بە مەبەستی سیاسی بێت و دژی ئێمە بەکاربھێنرێت، دواتر سەرژمێری بکەنە بەدیلی جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ و بڵێن ئەمە ئامار و سەرژمێری ئەو ناوچانەیە و دەبێت پێی ڕازی بن، ناچینە ژێر ئەو بارەو ڕێگەنادەین دیموگرافیای ناوچەکانی ئێمە بگۆڕن بەشێوەیەک لە کوردستانی بوونەوە بکەن بە شارێکی عێراقی.