هەڵمەتی نەمامچاندن لە شاری هەولێر بەردەوامە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

بایەخدان بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و شارەوانیی هەولێر چەند ساڵێکە لە هەوڵی ئەوەدایە ڕێژەی سەوزایی لە شارەکە بگەیەنێتە ئاستی ستانداردی جیهانی لەو چوارچێوەیەشدا ناو بە ناو لە زۆرینەی شەقام و کۆڵانە جیاوازەکانی شارەکە هەڵمەتی چاندنی نەمام ڕادەگەیەنێت.
لە نوێترین هەڵمەتی نەمامچاندندا لە هەولێر و لە یەکێک لە شەقامەکی نوێی ٦٠ مەتریی گەڕەكی فەرمانبەرانی هەولێر، زیاتر لە ٣٠٠ دار چێندران، شارەوانیی هەولێریش دەڵێت ئەمە قۆناغی یەكەمە.
شارەوانیی هەولێر بڵاوی كردەوە، ڕۆژی چوارشەممە وەک قۆناغی یەکەم، دەستیان کردووە بە هەڵمەتێکی فراوانی دارچاندن لە شەقامێکی نوێی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر و، زیاتر لە ٣٠٠ داریان چاندووە.
 راگەیێندراوەکەی شارەوانی باسی لەوە کرد، کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و، رێبین ئەحمەد حەوێز بەڕێوەبەری ئەندازەوانیی پارک و باخچەکانی هەولێریش لە هەڵمەتەکەدا بە چاندنی دار بەشدار بوون.
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە دا “ئامانج لە هەڵمەتەكە زیادکردنی ڕێژەی سەوزاییە بۆ شەقامە گشتیەکان و گەڕەکەکانی شاری هەولێر، هەروەها بایەخدانە بە سروشت و ژینگەی هەولێری پایتەخت” شارەوانیی هەولێر وادەڵێت.
هاوکات شارەوانیی هەولێر و فەرمانگەی ئەندازەی پارك و باخچەكان ئەمساڵ چەندین هەڵمەتی دار و نەمامچاندنیان لە هەولێر کردووە و لە سەرەتای ساڵیشەوە ڕایانگەیاند، پلانیان وایە ١٠٠هەزار دار لە هەولێر بچێنن.