لایەنە سیاسییەکانی مەخموور: خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە ڕۆژی سەرژمێری لە شوێنی خۆیان ئامادەبن

دوای کۆبوونەوەی لایەنە سسیاسییەکانی سنووری مەخموور لەگەڵ ئیدارەی مەخموور و نوێنەرایەتی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەولێر ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوایان لە خەڵکی ڕەسەنی سنووری مەخموور کرد، ڕۆژی سەرژمێریی لە شوێنی خۆیان بن.

شەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2024، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی سنووری مەخموور دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرایەتی پارێزگای  هەولێر و ئیدارەی ناوچەکە و بەڕێوەبەرایەتی ئامار، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا داوایان لە هاووڵاتییانی ڕەسەنی سنووری مەخموور کرد، ڕۆژی سەرژمێری کە دەکاتە رۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەەمی 2024، لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان بن لە سنووری مەخموور تا پرۆسەی سەرژمیریی تەواو دەبێت، ئەمەش لەپێناو ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت.

لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکدا، رزگار محەمەد، قایمقامی مەخموور ڕایگەیاند: هەموو ئەو ناوچانەی کێشەی کەمئاویان هەیە، رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆ ئاویان بە تانکەر بۆ دابین دەکرێت، لەگەڵ ئەوەش کارەبای بەردەوام دەبێت، سەرباری دابینکردنی هێزی ئەمنی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.

قایمقامی مەخموور داوای لە خەڵکی سنوورەکە کرد لە زێدی خۆیان ئامادە بن بە تەواوی ئەندامانی خێزانەکانیان بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگە رۆژانەی سەرژمێری ئەو خێزانە ڕەسەنانە لە ناوچەکانی خۆیان ئامادە بن.

رۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەم، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لەناوچەکانی ماددەی 140 تا 23ـی تشرینی دووەم پشووە و دەوانی قوتابخانەکان نییە، بەڵام رۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەم قەدەغەی گشتی هاتوچۆ دەبێت تا تەواو بوونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی