سەرپەرشتی هونەریی سەرژمێریی لە هەولێر: پێویستە ڕۆژانی 20 و 21ـی مانگ هەموو خێزانەکان لە ماڵ بن

سەرپەرشتی هونەریی سەرژمێریی لە هەولێر، جەخت لە گرنگیی پرۆسەی سەرژمێریی دەکاتەوە و بە پێویستی دەزانێت، ڕۆژانی 20 و 21ـی مانگ هەموو خێزانەکان لە ماڵەکانیان بن و چاوەڕێی بژمێرەکان بکەن. 

ئەمڕۆ شەممە، 16-11-2024، پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە شێوەی کردەیی (عملي) لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.

ئیبراهیم ڕەحمان، سەرپەرشتی هونەریی سەرژمێریی لە پارێزگای هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “پرۆسەی سەرژمێری، 15 قەزا و 46 ناحیە، 735 گەڕەک و هەزار و 350 گوندی سنووری پارێزگای هەولێر لەخۆ دەگرێت و بەسەر 10 هەزار و 107 بلۆکدا دابەش کراون.”

ئیبراهیم ڕەحمان ئاماژەی بەوەش کرد “زیاتر لە 10 هەزار بژمێر پرۆسەی سەرژمێری بەڕێوە دەبەن و لە قۆناغی یەکەمدا، لە 16 تاوەکوو 19ـی مانگ، سەردانی هەموو یەکەکان دەکەن بە شوێنە نیشتەجێبوون و نانیشتەجێبوونەکان.”

وەکوو ئەوەی سەرپەرشتی هونەریی سەرژمێریی لە پارێزگای هەولێر باسی کرد “پێویستە ڕۆژانی 20 و 21ـی مانگ، هەموو خێزانەکان لە ماڵەکانیان چاوەڕێی بژمێرەکان بکەن، تاوەکوو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکەن و وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە.”

ئیبراهیم ڕەحمان دووپاتی کردەوە “زۆر گرنگە ئەو خێزانانەی ڕۆژانی دیکە لە ماڵ نەبوون، 20 و 21ـی مانگ لە ماڵ بن، چونکە 22ـی مانگ فۆرمەکان دادەخرێن و لە ناونووسین بێبەش دەبن.” گوتیشی: “22ـی مانگ، قۆناغی پڕکردنەوەی فۆرمی هەژمارکردن دەست پێ دەکات کە 77 پرسیار لەخۆ دەگرێت.”

کاتژمێر 12:00ـی شەوی 19 لەسەر 20ـی ئەم مانگە قەدەغەی هاتوچۆی تایبەت بە پرۆسەی سەرژمێریی، لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و تاوەکوو کاتژمێر 12ـی شەوی 21 لەسەر 22ـی مانگ بەردەوام دەبێت.

لەو ماوەیەدا هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەنێوان هەموو گوند، کۆمەڵگە، ناحیە، قەزا و پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا قەدەغەیە، تەنها لە حاڵەتێکی مرۆڤیی نەخوازراو یان حاڵەتێکی زۆر پێویست نەبێت کە ئەو کات ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدرێت هاتوچۆ بکەن.

ئامانج لە قەدەغەی هاتوچۆ، ئاسانکارییە بۆ پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. تەنها ڕێگە بە کارمەندانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەو فەرمانبەرانەی پرۆسەی سەرژمێریی بەڕێوە دەبەن و ئەو ڕۆژنامەنووسانەش دەدرێت هاتوچۆ بکەن کە باجی تایبەتییان بۆ دەرکراوە