بیمەی تەندروستی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکرێت

سیستەمی بیمەی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە؛ سیستەمێکی دڵنیاییە بۆ هەر پێشمەرگەیەک تووشی نەخۆشی دەبێت و پێویستیی بە چارەکردنی تەندروستی یان نەشتەرگەری دەبێت، لە نەخۆشخانە حکوومەتی و تایبەتەکان چارەی بۆ دابین دەکرێت و 70%ـی خەرجییەکانی بۆ دەگەڕێنرێتەوە.

د. ڕەزا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پزیشکیی گشتیی پێشمەرگە، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی گوت: “هەر پێشمەرگەیەک دەتوانێت لە ڕێگەی سیستەمەکەوە نووسراوێکی ڕاستەوخۆ بکات، پاشان لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندی پزیشکییەوە بڕیاری لەسەر دەدەرێت کە چۆن لە نەخۆشخانە تایبەت و حکومەتییەکان تیمار بکرێت.”

د. ڕەزا ئیسماعیل، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد “ئەو پێشمەرگانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، لە ڕێگەی سیستەمی بیمەی تەندروستییەوە بەشێک لە چارەکانیان وەردەگرن و هەر پێشمەرگەیەک ڕێگەپێدانی پێشوەختەی هەبێت بۆ چارەکردن تاکوو ڕێژەی 70% گەڕانەوەی خەرجی بۆ دەکرێت.”

لەبارەی ئەو پێشمەرگانەشەوە كە ڕێگەپێدانیان نییە، گوتی: “ئەو پێشمەرگانەی بە هەر هۆیەک ڕێگەپێدانیان نەبێت، لە ڕێگەی لیژنەی پزیشکییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و تاکوو 25% گەڕانەوەی خەرجی چارەکردنەكەی بۆ دەکرێت.”

سیستەمی بیمەی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ خزمەتكردنی زیاتری هێزەكانی پێشمەرگەیە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا خزمەتگوزاریی بیمەی تەندروستی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە فراوانتر دەکرێت، کە جگە لە خودی پێشمەرگەکە، خێزانەکەشی دەتوانێت لەو خزمەتگوزارییە سوودمەند بێت.