پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە شێوەی کردەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

سەرپەرشتی هونەریی سەرژمێریی لە  به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاماری هەولێر، جەخت لە گرنگیی پرۆسەی سەرژمێریی دەکاتەوە و ڕایده‌گه‌یه‌نن، ڕۆژانی 20 و 21ـی مانگ هەموو خێزانەکان لە ماڵەکانیان بن .

ئەمڕۆ شەممە، 16ی11ی2024، پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە شێوەی کردەیی (مەیدانی) لە عێراق و  له‌ پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.

لە سنووری  پارێزگای هەولێر زیاتر لە 10 هەزار بژمێر بەشدارن لە پرۆسەكه‌، لە 16 تاوەكو 19ـی مانگ چەند پرسیارێك ئاراستەی هاوڵاتییان دەكەن و لە 20 و 21ـی مانگ پرسیارە سەرەكییەكان سەبارەت هەر خێزانێك ئاراستە دەكرێن و فۆڕمی خانەوادە پڕ دەكرێت لە زانیاری.

هەر بژمێرێك تابلێدێكی پێیە و زانیارییەكانی تێدا تۆمار دەكات کە ڕاستەوخۆ بە تۆڕێكی سەرەكیی ئەلیكترۆنی به‌ بەغدا بەستراوەتەوە.

ئیبراهیم ڕەحمان، سەرپەرشتی هونەریی سەرژمێریی لە  به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاماری پارێزگای هەولێر، لە‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانییدا ڕایگه‌یاند، پرۆسەی سەرژمێریی، 15 قەزا و 46 ناحیە، 735 گەڕەک و هەزار و 350 گوندی سنووری پارێزگای هەولێر لەخۆ دەگرێت و بەسەر 10 هەزار و 107 بلۆکدا دابەش کراون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، زیاتر لە 10 هەزار بژمێر پرۆسەی سەرژمێریی بەڕێوە دەبەن و لە قۆناغی یەکەمدا، لە 16 تاوەکوو 19ـی مانگ، سەردانی هەموو یەکەکان دەکەن بە شوێنە نیشتەجێبوون و نانیشتەجێبوونەکان.

ئیبراهیم ڕەحمان، سەرپەرشتی هونەریی سەرژمێریی لە به‌ رێوه‌به‌رایه‌تی ئاماری  پارێزگای هەولێر گوتیشی، پێویستە ڕۆژانی 20 و 21ـی مانگ، هەموو خێزانەکان لە ماڵەکانیان چاوەڕێی بژمێرەکان بکەن، تاوەکوو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکەن و وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند، زۆر گرنگە ئەو خێزانانەی ڕۆژانی دیکە لە ماڵ نەبوون، 20 و 21ـی مانگ لە ماڵ بن، چونکە 22ـی مانگ فۆرمەکان دادەخرێن و لە ناونووسین بێبەش دەبن.” گوتیشی: 22ـی مانگ، قۆناغی پڕکردنەوەی فۆرمی هەژمارکردن دەست پێ دەکات کە 77 پرسیار لەخۆ دەگرێت.

بۆ رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە كە پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، چەند رێنماییەك بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ دەركراوە و ئەو كەسانەش دیاریكراون كە قەدەغەكە نایانگرێتەوە.

وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە ئەم رێنماییانەی خوارەوەی دیاریكردووە:

یەكەم

سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە نیوەشەوی (19-20)ی ئەم مانگە لە کاتژمێر (12:00)ی شەو دەست پێ دەکات و تاکو کاتژمێر (12:00)ی شەوی (22/21) بەردەوام دەبێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

دووەم

جوولەی هاونیشتمانییان و ئۆتۆمبێل لە کاتی جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ سنووردار دەکرێت (لەنێوان پارێزگاکان، قەزاکان و ناحیەکان و لەنێوان شارنشین و گوندنشین، یاخود لەنێوان ناحیە و قەزا و بە پێچەوانەوە)، جگە لە حاڵەتە مرۆیی و زۆر پێویستەکان و بارودۆخی سروشتی و ئەمنی.

سێیەم

لایەنە ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار لە پارێزگاکان و ئیدارەکان سەرجەم (بژمێرەکان، بەڕێوەبەری گەڕەك/گوند و یاریدەدەرەکانیان، سەرپەرشتیاران و چاودێران) بە فەرمی ڕێگەیان پێ دەدەرێت، هەروەها ڕێگە بە فەرمانبەرانی وەزارەتی پلاندانان دەدرێت بۆ جوولە و هاتوچۆکردن بۆ مەبەستی کاری سەرژمێری. بە هەمانشێوە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندکاران کە لایەنە فەرمییەکان ڕێگەیان پێ داوە و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و هەڵگری باجی ناساندنن لە دوو ڕۆژی قەدەغەی هاتوچۆدا ڕێگەپێدراون.

چوارەم

هەموو ئەو کەسانەی کە ئەركیان پێ سپێردراوە و لە ئێشكگریدان لە قەدەغەی هاتوچۆ بەدەرن، وەك کارمەندانی تەندروستی و پزیشکی و خزمەتگوزاری کە لە فەرمانگە و دامەزراوە حکوومییەکانن و بە پێی مۆڵەتی فەرمیی فەرمانگەکە و پێش ڕێکەوتی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ بەرژەوەندیی گشتی داوای کار و ئامادەبوونیان لێ کراوە.

پێنجەم

هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، بەرگریی شارستانی، دەوریەی هاتوچۆ و فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکان لە قەدەغەی هاتوچۆ بەدەرن.

شەشەم

قەدەغەی هاتوچۆ باڵیۆزخانەکان، نێردە دیبلۆماسییەکان، دەزگا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ناگرێتەوە.