حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری لە دھۆکیش جێبەجێ دەکات

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوە ‌کرد، پلانی پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری لە سنووری پارێزگای دھۆکیش جێبەجێ دەکرێت.

شاکر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی کارەباری دھۆک،  بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەموو ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دابین بکات، لە ئێستادا بەپێی پلانی حکوومەت پڕۆسەی پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی دەستی پێکردووە و بڕیارە پڕۆسەکە لە سنووری پارێزگای دھۆکیش جێبەجێ بکرێت، کە بە چەند قۆناغێک کارەبای 24 کاتژمێری بە ھاووڵاتیان دەدرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دھۆک دەشڵێ: پڕۆسەی پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری، پڕۆسەیەکی سەرکەوتووە و لەو ناوچە و گەڕەکانەی جێبەجێ کراوە، ھاوبەشانی کارەبا زۆر لێی ڕازین، چونکە کارەبای نیشتیمانییان کراوەتە 24 کاتژمێر و بە سیستەمی پریپەید کار دەکات.

شاکر مەحموود ڕوونیشیکردەوە: ئێمە پێشتر پڕۆسەی کارەبای پریپەیدمان ھەبوو لە دھۆک و لەناو سەنتەری دھۆک و قەزای ئامێدی ئەنجام دراوە، بەڵام ئێمە کارەبای 24 کاتژمێریمان نییە، لەبەر ئەوەش تەنیا بە سیستەمی پریپەید کار دەکات لەو کاتەی کارەبای نیشتیمانی ھەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا ھەیە زۆر باشترە، چونکە کارەبای بەردەوام بە ھاووڵاتیان دەدات.