پلاندانانی عێراق: کەسانی بیانیش کە نیشتەجێی وڵاتەکەن لە پرۆسەی سەرژمێریدا تۆمار دەکرێن

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد، لە پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوواندا هەموو ئەو کەسانەی عێراقی نین و نیشتەجێی وڵاتەکەن تۆمار دەکرێن، بەڵام فۆڕمەکانیان وردەکاریی هەموو پرسیارەکان لەخۆ ناگرێت.

ئەمڕۆ هەینی 15ـی تشرینی دووەمی 2024، عەبدولزەهرا هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: پرۆسەی سەرژمێری سەرجەم عێراقی و بیانییەکان دەگرێتەوە کە دانیشتووی وڵاتەکەن، بەڵام فۆڕمی پرسیارەکانی ئەوان جیاواز دەبێت و وردەکاری سەرجەم پرسیارەکان لەخۆ ناگرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، پرسیاری تایبەت هەن بۆ ئەو بیانییانەی کە لە عێراق نیشتەجێن و هەر کارێک بکەن، وەک؛ کرێکار، کارمەند لە باڵیۆزخانە یان کۆمپانیاکان، یان پزیشک بن.

پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە ڕۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیش بەڕێوە دەچێت، هەروەها لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت لە سەرتاسەری وڵات.

بەپێی زانیارییەکانی پلاندانانی عێراق، نزیكەی 120 هەزار ژماردەر بەشداریی پرۆسەکە دەكەن، هەروەها ئەم سەرژمێرییە بۆ زانینی ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتووان و بارودۆخی ژیانیانە.

ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2024، حکوومەتی هەرێمی کوردستان 9 ڕۆژ پشووی فەرمانبەران و قوتابییان کە دانیشتووی ناوچەکانی ماددەی 140 ڕاگەیاند.

پشووەکە لە ڕۆژانی 15 تاوەکوو 23 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە ڕێکخراو، کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت دەکات، بۆ ئەوەی کارئاسانی بکەن بۆ کارمەندەکانیان کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی 140ـن، بۆ ئامادەنەبوون لە هەمان ماوە تا بتوانن بەشدار بن لە پرۆسەی سەرژمێری.