هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

هەولێر .. پارکی میهرەبانی لە گەڕەکى فەرمانبەران كرایەوە

 

ئەمرۆ پێنجشەممە 2024.11.14، لە ژێر چاودێری و ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەرى بەرێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر و بەرێوەبەری نەخۆشخانەی میهرەبانی و ژمارەیەک لە پزیشک و کارمەندان، له‌ ڕێورەسمێکدا لە گەڕەکى فەرمانبەرانى شارى هەولێر، پارکی میهرەبانی لەبەردەم نەخۆشخانەی میهرەبانی لە سەر ڕووبەڕی 4 هەزار مەتر لە نزیك شەقامی 120 مەتری خێرا کرایەوە.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەکردنەوەی پارکی میهرەبانی و وێراى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکەکە و نەخۆش و کەس و کارانی کە سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن، کە بۆ ئاسوودەى ئەوان و لە پێناو زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی و پاراستنى ژینگەى شاری هەولێر دروستکراوە، دەستخۆشى لە نەخۆشخانەى میهرەبانى کرد بۆ گرتنە ئەستۆیی دروستکردنى پارکەکە بە دابینکردنى زەوییەکەى لەلایەن پارێزگاى هەولێرەوە، هەروەها دەستخۆشى لە تیمى ئەندازیارانی ئه‌ندازه‌ی پارکەکان کرد لەسەر پەرشتیکردنى پڕۆژەکە و جەختی لە گرنگیدانى کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتى رێزدار مەسرور بارزانى کردەوە بۆ زیادکردنى رێژەیی سەوزایی و ڕایگەیاند، لەو ڕوانگەیەشەوە وەک پارێزگاى هەولێر هەموو هەوڵێکى خۆمان خستۆتە گەڕ.